رووداو دیجیتاڵ کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی فەرەنسا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بوونی مەترسی لەسەر بەشێک لە ئاسمانەکانی ناوچەکە، گەشتەکانی بۆ شارەکانی دووبەی و ریاز هەڵوەشاندەوە و ماوەی راگرتنی گەشتەکانی بەیروتیشی درێژکردەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی کۆمپانیاکە کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، بڕیار دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی ریاز تاوەکو 24ـی تەممووز (بۆ گەشتە گەڕاوەکانیش لە ریازەوە تاوەکو 25ـی تەممووز). گەشتەکانی دووبەی: تاوەکو 27ـی تەممووز هەڵدەوەشێندرانەوە (بۆ گەشتە گەڕاوەکانیش لە دووبەیەوە تاوەکو 28ـی تەممووز). هەروەها ماوەی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان بۆ بەیرووت تاوەکو 2ـی ئابی 2026 درێژکرایەوە. هێڵی ئاسمانی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، بە شێوەیەکی بەردەوام و سات بە سات چاودێری بارودۆخی ئەمنی و جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە دەکەن، ئاماژەی بەوەش کردووە، "سەلامەتی گەشتیاران و ستافی فڕۆکەوانی لە سەرووی هەموو کارەکانمانە." سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، بڕیارەکە بەندە بە هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ بارودۆخی مەیدانی ناوچەکە کە بە خێرایی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. هەروەها کۆمپانیاکە چەند رێکارێکی بازرگانی بۆ قەرەبووکردنەوەی گەشتیاران گرتووەتەبەر؛ بەجۆرێک گەشتیاران دەتوانن بەبێ هیچ تێچوویەک گەشتەکانیان هەڵبوەشێننەوە یان کاتەکەی بگۆڕن، تەنانەت ئەگەر گەشتەکانیشیان بە فەرمی هەڵنەوەشێندرابێتەوە. ئەم بڕیارەی هێڵی ئاسمانی فەرەنسا لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی کەنداو گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و گەمارۆی دەریایی و هێرشەکان کاریگەرییان لەسەر جووڵەی گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکانیش دروستکردووە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست21-07-2026ئەمریکا "هۆشداریی جیهانی" دەداتە هاووڵاتییانی و دەڵێت ئەگەری هێرشی ئێران هەیە