رووداو دیجیتاڵ یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی و بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئوردن و وڵاتانی کەنداو کرد. رۆژی دووشەممە 20-07-2026 گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی ئوسامە محەممەد، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو، سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رایگەیاند: "یەکێتیی ئەورووپا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە ئێران کردوویەتییە سەر وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو، هەرێمی کوردستانی عێراق و ئوردن، هاوکات سەرکۆنەی ئەو هەنگاوانەی ئێران دەکەین کە بوونەتە هۆی تێکدانی ئازادیی هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمزدا." سەبارەت بە سەروەریی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە، گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، سەقامگیریی عێراق بۆ ناوچەکە زۆر گرنگە و گوتی: "لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، خاکی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، وەک گۆڕەپانی هێرش و وەڵامدانەوە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بەکارهێنراوە، ئەمەش وایکردووە دۆخەکە زۆر هەستیار و ناسەقامگیر بێت." یەکێتییەکە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ گەلی عێراق و سەرجەم دانیشتووانی ناوچەکە دەربڕی، کە لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی جەنگ و هەڵکشانەکاندان. لەلایەکی دیکەوە، یەکێتیی ئەورووپا داوای دەستبەجێ راگرتنی جەنگ و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان کرد بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام. گوتەبێژەکە گوتی: "داوامان لە سەرکردایەتیی عێراق کردووە پەیامی دانبەخۆداگرتن بگەیەننە تاران، لەگەڵ داواکاری بۆ پاراستنی ئازادیی هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمزدا." یەکێتیی ئەورووپا جەخت لەسەر پێویستیی دانبەخۆداگرتنی هەموو لایەنەکان کردەوە و داوای کرد، سەرجەم لایەنەکانی ناوچەکە پابەندبن بە بڕیاری 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دووربکەونەوە لە هەر کارێک کە رێگە لە چارەسەری ئاشتییانە دەگرێت، چونکە بڕوای وایە "تەنیا دیپلۆماسی دەتوانێت چارەسەرێکی بەردەوام بۆ سەرجەم کێشەکان بەدیبهێنێت." دەقی پرسیار و وەڵامەکان رووداو: هەڵسەنگاندنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ دوایین هێرشەکان چییە؟ ی یەکێتیی ئەورووپا: یەکێتیی ئەورووپا بۆ دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەو زیانە گیانییانەی لێی دەکەوێتەوە بەداخە. یەکێتیی ئەورووپا بەتایبەتی لە هەڵکشانی بەردەوامی گرژییەکان نیگەرانە و سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە سەرتاسەری کەنداو، هەرێمی کوردستانی عێراق و ئوردن دەکات، هەروەها ئەو کارانەی ئێران کە ئازادیی هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمزدا تێکدەدەن. رووداو: ئایا یەکێتیی ئەورووپا ئەم هێرشانە بە هەڕەشە بۆ سەر سەروەریی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە دەزانێت؟ یەکێتیی ئەورووپا: سەقامگیریی عێراق بۆ یەکێتیی ئەورووپا و ناوچەکە بەگشتی زۆر گرنگە. لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، خاکی عێراق بۆ هێرش و وەڵامدانەوەی هێرشەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بەکارهاتووە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. دۆخەکە زۆر ناجێگیر و هەستیارە. ئێمە بەتەواوی پشتیوانیی خۆمان بۆ عێراق و گەلەکەی و تەواوی ناوچەکە دەردەبڕین کە لەژێر هەڕەشەی بەردەوام و هەڵکشانی گرژییەکاندا دەژین. رووداو: ئایا یەکێتیی ئەورووپا لە وەڵامی ئەم گرژییانەدا، لەگەڵ حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، یان هاوبەشەکانی ناوچەکە لە پەیوەندیدایە؟ یەکێتیی ئەورووپا: یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە لە داواکردن بۆ دەستبەجێ راگرتنی جەنگ و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخەکە و بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام. وەک هاوبەشێکی سەرەکیی ناوچەیی بۆ یەکێتیی ئەورووپا، ئێمە هانی رۆڵی بنیادنەرانەی عێراق دەدەین لە گەڕاندنەوەی سەقامگیریی ناوچەکە کە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی، پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی و گەشەپێدانی ئابوورییە. ئێمە داوامان لە سەرکردایەتیی عێراق کردووە هەمان پەیامی دانبەخۆداگرتن بگەیەننە تاران، لەگەڵ داواکارییەکان بۆ پاراستنی ئازادیی هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز. رووداو: ئایا یەکێتیی ئەورووپا پێشبینی هەوڵی دیپلۆماسیی زیاتر دەکات بە ئامانجی رێگریکردن لە هێرشی زیاتر و کەمکردنەوەی گرژییەکان؟ یەکێتیی ئەورووپا: ئێمە بەردەوامین لە داواکردنی دانبەخۆداگرتن لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە و هەوڵە دیپلۆماسییە نوێیەکان. زۆر گرنگە سەرجەم لایەنەکانی ناوچەکە بڕیاری 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکەن و دووربکەونەوە لەو کارانەی کە رێگە لە چارەسەری ئاشتییانە دەگرن. تەنیا دیپلۆماسی دەتوانێت چارەسەرێکی بەردەوام بۆ سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەدیبهێنێت.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست21-07-2026ئەمریکا "هۆشداریی جیهانی" دەداتە هاووڵاتییانی و دەڵێت ئەگەری هێرشی ئێران هەیە