رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ پلانی هەبوو دەسەڵات لە تاران بڕووخێنێت و وڵاتەکەی دابەش بکات، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دڵنیاییان دایە بەرپرسانی تاران کە رێگە بە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان لە خاکی ئەوانەوە نادەن.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێ، لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەدا کە 28ی شوباتی ئەم ساڵ دەستی پێکرد، ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی رووخاندنی دەسەڵات و دابەشکردنی وڵاتەکەیان هەبووە.
عەباس عێراقچی گوتی: ''رۆژی چوارەمی جەنگ ترەمپ (سەرۆکی ئەمریکا) پەیوەندیی تەلەفۆنی بە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد و لەگەڵ هەموویان قسەی کرد. ترەمپ ماوەیەک لەمەوپێش خۆی گوتی، چەکیان ناردووە و نەیانزانیوە ئەو چەکە بۆ کوێ چووە.''
عێراقچی رایگەیاند، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، خۆیشی قسەی لەگەڵ کردوون و لەو بارەیەوە گوتی: ''لەگەڵ بەڕێز بارزانی و بەڕێز تاڵەبانی، فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هەروەها لەگەڵ سوودانی، سەرۆکوەزیرانی (پێشووی) عێراق قسەم کرد".
وەک عەباس عێراقچی دەڵێ، لە قسەکانیدا بە سەرجەم لایەنەکانی راگەیاندووە کە ''ئەگەر لە ناوچەی کوردستانی عێراقەوە بچووکترین هەڕەشە لە ئێمە بکرێ، ئەوە کاردانەوەمان دەبێت. (پێم گوتن) وا بیر نەکەنەوە کە ئێمە لە شوێنی دیکە سەرقاڵین، بێگومان کاردانەوەمان دەبێ.''
عێراقچی باسی لەوە کرد کە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، بەرپرسانی ئێرانییان دڵنیا کردوەتەوە کە رێگە نادەن هیچ هێزێک لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئێران و گوتی: ''بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی دڵنیاییان پێداین کە بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئەوە رووبدات.''
وەک عەباس عێراقچی گوتی، تورکیاش رۆڵێکی ''کاریگەر''ـی لە رێگریکردن لە جێبەجێکردنی پلانی دابەشکردنی ئێران گێڕاوە و گوتی: ''لەگەڵ ئەمریکییەکان قسەی کرد و هەڵوێستێکی روونیان لەوبارەوە گرتەبەر. بەگشتی کۆمەڵێک لە هەوڵەکان بوونەهۆی ئەوەی کە پیلانەکە نەگاتە ئەنجام، بەڵام مەبەستم ئەوەیە کە ئەوان پلانیان دانابوو بۆ دابەشکردنی ئێران.''
لە کاتی جەنگی 40 رۆژەدا دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک رایگەیاند، چەکی ناردووە بگاتە دەستی خۆپیشاندەرانی ئێرانی، بەڵام کورد دەستی بەسەردا گرتووە.
سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیان کردووەتەوە لەم کاتی جەنگەدا هەوڵی چوونەوە نێو ئێران بدەن و باس لەوەش دەکەن، هیچ چەکێکیان لەلایەن ئەمریکاوە وەرنەگرتووە، بەڵام ئێران تۆمەتباریان دەکات بە هاوکاریکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکدانی ئاسایشی نێوخۆیی و هەوڵی رووخاندنی دەسەڵاتی وڵاتەکە.
لە 28ی شوباتەوە ئێران و هێزە نزیکەکانی لە عێراق سەتان جار هێرشیان کردوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، ئێران تەنیا لەم مانگەدا سنووری هەولێری بە 32 درۆن و یەک مووشەک بۆردوومان کردووە؛ هەروەها سنووری پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و شەش درۆن بۆردوومان کردووە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)