رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ستایشی خۆڕاگریی دانیشتووانی ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی دەکات و رایگەیاند، ئەوان پارێزەری ئاسایشی وزە و بازرگانیی دەریایی ئێرانن.
بەقایی، هێرشی سەر ژێرخانە سڤیلەکان، ناوەندە تەندروستییەکان و پردەکان سەرکۆنە کرد و گوتی: "هیچ پاساوێک بۆ ئازاردانی نەخۆش، منداڵان و بریندارکردنی ویژدانی گشتیی ئێرانییەکان نییە." ئەو جەختی کردەوە کە پارێزگاکانی هورموزگان، خوزستان، بوشەهر و سیستان و بەلووچستان دڵی ئێرانن و تەواوی گەل لە پشت ئەم پارێزگایانە وەستاون تاوەکو ئاسایش بگەیێندرێتەوە لووتکە.
"جامی جیهانی، سیاسیترین رووداوی وەرزشی بوو"
لە تەوەرێکی دیکەدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا کرد و ئەم مۆندیالەی بە "سیاسیترین رووداوی وەرزشی" وەسفکرد. ئاماژەی بەوەشکرد، رەفتاری جیاکارییانە دژی تیمی ئێران تاوەکو دواساتەکان بەردەوام بوو.
بەقایی گوتی: "بۆ گەلی ئێران، پاڵەوانێتی بە واتای جوامێری و رووبەڕووبوونەوەی ستەم دێت؛ بۆیە هەڵوێستە دژە دەستدرێژییەکانی ئیسپانیا لەم مانگانەی دواییدا وای کرد ویژدانی جیهانی پاڵپشتیی سەرکەوتنی ئەم تیمە بێت."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، شکستەکەی ئەرجەنتین رەنگدانەوەی ئەو "وزە نەرێنییە" بوو کە بەهۆی پاڵپشتیکردنی دەستدرێژکارانی سەر لوبنان، غەززە و ئێرانەوە بۆیان دروست ببوو.
دیپلۆماسی و بەرگری
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، دیپلۆماسی و بەرگری دوو باڵی بەهێزن بۆ پاراستنی ئێران و جیاناکرێنەوە. ئەو گوتی: "وەک چۆن هێزە چەکدارەکان لە مەیداندا خۆڕاگرن، دیپلۆماتەکانیش ئەرکیانە لە ناو دانوستاندنــەکاندا پارێزگاری لە مافەکانی وڵات بکەن."
بەقایی ئاشکرای کرد، کشانەوەی دووژمن (ئەمریکا) لە رێککەوتنەکان نیشانەی لاوازیی ئەوانە لە بەرامبەر ئەو بەڵگەنامانەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێرانیان تێدا چەسپێنراوە و داوای کرد وەک چۆن پاڵپشتی لە جەنگاوەران دەکرێت، ئاواش پاڵپشتی لە دیپلۆماتەکان بکرێت لەم قۆناخــە هەستیارەدا.
مادەی 5 و مافی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بە مادەی 5ی یاداشتی لێکتێگەیشتن کرد و رایگەیاند، ئەم مادەیە بە تەواوی مافی ئێرانی لە بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەی هورمز چەسپاندووە. "ئەمە بە راوێژ لەگەڵ عومان و وڵاتانی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت و هیچ ناروونییەکی تێدا نییە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە راشیگەیاند، دەقی یاداشتنامەکە هیچ پاساوێکی بۆ ئەمریکا نەهێشتووەتەوە و تەنانەت واشنتن خۆیشی ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە بەهۆی جیاوازیی لێکدانەوەوە هێرشەکانی دەستپێکردووەتەوە؛ چونکە ئەمە تەنیا "پەیمانشکێنی"یە و چیدیکە تاران بێدەنگ نابێت بەرامبەر ئەم گوشارە نایاساییانە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)