رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشکردنە سەر دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکای لە کوێت راگەیاند، هۆشداریش دەداتە ئەو وڵاتانەی میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن کە "ئامادەی وەرگرتنی وەڵامی هاوشێوە بن."
رۆژی شەممە 18ی تەممووزی 2026 سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوی (ژمارە 27)ی دا رایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناخی 18ی ئۆپەراسیۆنی "نەسری 2،" بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندی پشتیوانیی هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا لە "عەریفجان" و بنکەی ئاسمانیی "عەلی سالم" لە خاکی کوێت.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوەکەیدا هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەکات و دەڵێت، "ئەو وڵاتانەی خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لەبەردەستی دەستدرێژکارەکانی ئەمریکا داناوە، پێویستە ئامادەی وەرگرتنی وەڵامی هاوشێوە بن." هەروەها داوا لەو وڵاتانە دەکات یەکەکانی بەرگریی شارستانیی خۆیان چالاک بکەن بۆ پاراستنی هاووڵاتییانیان.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، ئەمریکا لە ناوەڕاستی گفتوگۆکاندا جارێکی دیکە جەنگی دژی ئێران دەستپێکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی "شکستی لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆ"، پەنای بۆ لێدانی ژێرخانە مەدەنییەکانی وەک نەخۆشخانە، پرد، هێڵی ئاسن، فڕۆکەخانە و ناوەندەکانی پەیوەندی بردووە، کە سوپا بە "تاوانی جەنگ" وەسفی کردوون.
سوپای پاسداران دەڵێت، بەهۆی ئەوەی هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی نییە رێگری لەم کارانەی ئەمریکا بکات، ئەوان پەنایان بۆ "فەرمانی قورئانی" بردووە بۆ وەڵامدانەوەی هاوشێوەی هێرشەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە بە بەکارهێنانی درۆن بووە و تێیدا راداری بنکەی عەلی ئەلسالم لەناو براوە، هەروەها لە بنکەی عەریفجان "کۆمەڵێک سەربازی ئەمریکی کوژراون." سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆگایەکی چاککردنەوەی چەکیشیان لەو بنکانە تێکشکاندووە.




.png&w=3840&q=75)