رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەی باکووری شاری ریازی پایتەختی سعودیە کرابوو.
رۆژی چوارشەممە 07-10-2026 تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە لە ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەو مووشەکە بالیستییەی لەلایەن میلیشیا تیرۆریستەکانی حووسییەوە بەرەو باکووری ریاز هاوێژرابوو، بەرپەرچدرایەوە و تێکشکێندرا."
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممەش، هاوپەیمانییەکە رایگەیاند، مووشەکێکی دیکەی بالیستییان تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە بەرەو شاری خەمیس موشەیت لە باشووری رۆژئاوای سعودیە هاوێژرابوو. هەروەها رۆژی دووشەممە، حووسییەکان رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەرەکیی ریاز و پاڵاوگەیەکی کۆمپانیای ئارامکۆ، کە بووە هۆی داخرانی کاتیی ئاسمانیی فڕۆکەخانەکە.
ئەم گرژییانە هاوکاتن لەگەڵ ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی هێزەکانی حکومەتی یەمەن (کە لەلایەن سعودییەوە پشتیوانی دەکرێن) بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە مانگی رابردوو کەوتبوونە دەست حووسییەکان. سەرچاوە سەربازییەکانی حکومەت دەڵێن، حووسییەکانیان لە شاری موخا و دەوروبەری تەنگەی بابولمەندەب دەرکردووە، بەڵام حووسییەکان پاشەکشەکردنیان رەتدەکەنەوە و دووپاتی دەکەنەوە، کۆنترۆڵی تەواوی کەناراوەکانی دەریای سووریان بەدەستەوەیە.
شەڕ و پێکدادانەکانی یەمەن بەردەوامن. سەرچاوەکانی هەردوولا رایانگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 270 کەس لە هێزەکانی حکومەت و چەکدارانی حووسی کوژراون.
دوای چوار ساڵ لە ئاگربەست، ململانێکانی یەمەن لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵەوە جارێکی دیکە سەریانهەڵداوەتەوە و بوونەتە بەرەیەکی نوێ لە جەنگی فراوانتری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە کاریگەریی گەورەیان لەسەر بازاڕەکانی وزە و رێڕۆ بازرگانییەکانی جیهان داناوە. لە بەرامبەر پەرەسەندنی هێرشەکانی حووسییەکانیشدا، هەریەک لە پاکستان و تورکیا بەڵێنیانداوە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشدا، هێز رەوانەی سعودیە بکەن بۆ پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتە.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)