رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان لە دەریای عومان چوونەتە سەر کەشتییەک بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە پابەندبوونی بەو گەمارۆ دەریاییە نوێیەی واشنتن خستوویەتییە سەر بەندەرەکانی ئێران.
رۆژی هەینی، 17ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، سەربازانی هێزی دەریایی (مارێنز) چوونەتە سەر کەشتیی ئێم تی وین یاو و ئامانجی ئەم کارەش بۆ "دڵنیابوونەوە بووە لە پابەندبوونی تەواوەتی بەو گەمارۆ دەریاییەی کە ئێستا بەسەر ئێراندا جێبەجێ دەکرێت."
ئەم هەنگاوەی مارێنز تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە دێت کە فڕۆکەیەکی ئەمریکی هێرشی کردە سەر کەشتییەکی گوێزەرەوەی نەوت بە بەتاڵی و لەکاری خست، دوای ئەوەی کەشتییەکە هەوڵیدابوو گەمارۆ دەریاییەکە بشکێنێت.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، لەوەتەی دەستپێکردنی گەمارۆکە لە کاژێر 11ی شەوی سێشەممەوە، هێزەکانیان رێڕەوی سێ کەشتیی بازرگانیی دیکەیان گۆڕیوە کە ویستوویانە گەمارۆکە ببەزێنن و بچنە ناو بەندەرەکانی ئێرانەوە.
ئەمە دووەمجارە لەم ساڵدا ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بخاتە سەر ئێران. پێشتر لە ماوەی نێوان 13ی نیسان تاوەکو 18ی حوزەیرانی رابردوو، واشنتن گەمارۆی هاوشێوەی جێبەجێ کرد؛ بەگوێرەی ئامارەکانی سێنتکۆم، لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئەمریکا نۆ کەشتییان پەکخستووە و رێڕەوی زیاتر لە 140 کەشتیی دیکەشیان گۆڕیوە.
ئەم توندکردنەوەیەی رێکارە سەربازییەکان دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییهاتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی دا گوشارەکان بۆ سەر تاران زیاتر بکەن.

.png&w=3840&q=75)

