رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران رایگەیاند، هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتانی کوێت و بەحرێن؛ دەشڵێت، زیانی ''جدی''ـیان پێگەیاندوون.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران (ئەرتەش)، هێرشەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-07-2026 بە مووشەک و درۆن کراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە شەپۆلی دەیەمی ئۆپەراسیۆنی ''برووسکە''، بەشێک لە سیستمی راداری و بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و کۆگەکانی سووتەمەنیی سوپای ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەلی سالمی کوێت کراونەتە ئامانج.
هەروەها باس لەوەش کراوە، بە چەندین درۆن هێرش کراوەتەوە سەر خاڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بنکەی شێخ عیسا لە بەحرێن و زیانی ''جدی'' بەرکەوتووە.
نزیکەی هەفتەیەکە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر کەناراوەکانی ئێران و بە گوتەی خۆیان هێرشەکان بۆ نەهێشتنی توانای مووشەکی و هێرشبەری ئێرانە بۆ سەر ئەو کەشتیانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بە چەندین قۆناخ هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەو هێرشانە لە کاتێکدان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ئێران نەچێتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتن واژۆ نەکات، ئەوا هەفتەی داهاتوو هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە چڕدەکەنەوە.



