رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران (ئەرتەش) دەڵێ، هێرشیان کردووەتە سەر سیستمی پەیوەندی و کۆگەکانی سووتەمەنیی سوپای ئەمریکا لە ئوردن.
رۆژی پێنجشەممە 16-07-2026 سوپای ئێران رایگەیاند: "بەر لە کاژێرێک لە نۆیەمین قۆناخی ئۆپەراسیۆنی ساعیقە [هەورەبرووسکە] و لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی دووژمن، سیستمەکانی پەیوەندی و کۆگەکانی سووتەمەنیی سوپای تیرۆریستیی ئەمریکا لە ئوردن بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کرایە ئامانج."
سوپای ئێران لە راگەیێندراوەکەی بڵاویکردەوە: "درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی دووژمنی منداڵکوژ بۆ سەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەمان و سەربازگەی (بەمپوور) لە ئیرانشەهر، کە بووە هۆی شەهیدبوونی 7 پلەدار و سەربازی هێزی وشکانیی سوپا، بنکەی راداری جێگیر، سیستمی پەیوەندی و کۆگەکانی سووتەمەنیی سوپای ئەمریکامان لە بنکەی (ئەزرەق) لە ئوردن پێکا."
سوپای ئێران لەبارەی ئەم بنکەیە دەڵێ: "ئەم بنکەیە شوێنی جێگیربوونی سیستمەکانی بەرگریی دژەمووشەکییە و بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە ستراتیژی و فەرماندەییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا دادەنرێت."
سوپای ئێران وێڕای سەرکۆنەکردنی "هێرشە دڕندانەکانی دووژمن بۆ سەر شوێنی حەسانەوەی کارمەندان و سەربازان لە ئیرانشەهر،" ئەم جۆرە کارانەی بە نیشانەی "سرووشتی دژە مرۆیی دووژمنی پیس" وەسف کرد و دووپاتی کردەوە، "ئەم تاوانانە هەرگیز لە بیرەوەریی مێژوودا ناسڕێنەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رۆڵەکانی گەل لەناو سوپادا، فیدای خەڵک و پارێزەری ئاسایشی ئێرانن و بۆ چرکەیەکیش لە ئەرکی شانازیبەخشی پاراستنی گەل و نیشتمانی ئیسلامی و تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهیدان پاشەکشە ناکەن."
ئەم هێرشەی ئێران لە کاتێکدایە، سوپای ئەمریکا چەند خولەکێک پێش ئەم راگەیێندراوە بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر ئێران کۆتایی هاتووە. لەم هێرشانەدا هێزەکانی ئەمریکا ناوەندەکانی فەرماندەیی، پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، تواناکانی مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکانی ئێرانیان کردە ئامانج، "ئەمەش بۆ لاوازکردنی توانای تاران لە هەڕەشەکردن بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن."
سێنتکۆم گوتی، هێرشەکان کاژێر 9:00ـی شەو بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا [4:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر] کۆتاییان هاتووە.
سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، چەکی زۆر وردیان بەکارهێناوە بۆ پێکانی ئامانجەکان لە چەندین ناوچە، لەنێویاندا (بەندەر عەباس). پێشتریش لە بەیانیی هەمان رۆژدا [چوارشەممە]، هێزەکانی ئەمریکا لە شەپۆلێکی 90 خولەکیدا، پێگەکانی بەرگریی کەناراوەکان و مووشەکی کرووزیان لە دوورگەی (توونبی گەورە) کردبووە ئامانج. سوپای ئەمریکا دەڵێ، لەسەر فەرمانی سەرۆکی وڵاتەکە لێپێچینەوە لە ئێران دەکەن.



