رووداو دیجیتاڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر ئێران کۆتایی هاتووە. لەم هێرشانەدا هێزەکانی ئەمریکا ناوەندەکانی فەرماندەیی، پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، تواناکانی مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکانی ئێرانیان کردە ئامانج، "ئەمەش بۆ لاوازکردنی توانای تاران لە هەڕەشەکردن بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن." رۆژی پێنجشەممە 16-07-2026 سێنتکۆم بڵاویکردەوە، هێرشەکان کاژێر 9:00ـی شەو بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا [4:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر] کۆتاییان هاتووە. سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، چەکی زۆر وردیان بەکارهێناوە بۆ پێکانی ئامانجەکان لە چەندین ناوچە، لەنێویاندا (بەندەر عەباس). پێشتریش لە بەیانیی هەمان رۆژدا [چوارشەممە]، هێزەکانی ئەمریکا لە شەپۆلێکی 90 خولەکیدا، پێگەکانی بەرگریی کەناراوەکان و مووشەکی کرووزیان لە دوورگەی (توونبی گەورە) کردبووە ئامانج. سوپای ئەمریکا دەڵێ، لەسەر فەرمانی سەرۆکی وڵاتەکە لێپێچینەوە لە ئێران دەکەن. هەڕەشەکانی ترەمپ و جێبەجێکردنی گەمارۆکان سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز هەڕەشەی کرد، ئەگەر تاران نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن، ئەوا "هەفتەی داهاتوو دۆخەکە بۆیان زۆر خراپ دەبێت" و وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیان دەکەنە ئامانج. لە چوارچێوەی تووندکردنی گەمارۆکانیشدا، فڕۆکەیەکی ئەمریکی مووشەکی (هێڵفایەر)ـی ئاراستەی دووکەڵکێشی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەتاڵ بە ناوی (بێلما) کرد کە "هەوڵی دەدا گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بشکێنێت" و لەکاری خست. هێرشە پێچەوانەکان و بەئامانجگرتنی هەولێر دوای زیاتر لە مانگێک لە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەردوو وڵات دووبارە لە سەرانسەری ناوچەکەدا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە. سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرێن، هەروەها هێزە چەکدارەکانی ئوردنیش سێ مووشەکی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە. لە هەرێمی کوردستانیش، دژەتیرۆر رایگەیاند، ئەمشەو [چوارشەممە] لە کاژێر 20:53 بۆ 21:20 هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستەخوارەوە. تەنگەی هورمز و هەڵوەشاندنەوەی لێکتێگەیشتنەکان کرۆکی سەرەکیی ئەم گرژییە نوێیانە تەنگەی هورمزە. ئەمریکا گەمارۆکانی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران سەپاندووەتەوە، کە کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ ئەم هەنگاوەی ئەمریکا "بە جۆرێک لە جۆرەکان لێکتێگەیشتنەکەی ئیسلامئابادی هەڵوەشاندووەتەوە". لە بەرامبەریشدا محەممەدباقر قالیباف، گەورە دانوستاندنکاری ئێران هۆشداری داوە، ئەگەر تاران سوود لە رێککەوتنەکە نەبینێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ پابەندبوون پێوەی. زیانەکان و هۆشداریی ئیسرائیل لە ئاکامی ئەم زنجیرە هێرشانەی ئەمریکا کە چەندین شاری ئێرانی گرتووەتەوە (لەنێویاندا بووشەهر کە تەنیا وێستگەی ئەتۆمیی مەدەنیی ئێرانی تێدایە)، فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە هەفتەی رابردووەوە لانیکەم 30 کەس کوژراون. هەروەها سوپای ئێران کوژرانی حەوت سەربازی لە هێرشەکانی رۆژی چوارشەممەدا راگەیاند و نەخۆشخانەیەکیش لە ئەهواز چۆڵکراوە. هەر لەسەر ئەم پەرەسەندنانە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری داوەتە سەرکردەکانی ئێران، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر وڵاتەکەی، بە تووندی وەڵام دەدەنەوە. سەرەڕای ئەم گرژییانە، ترەمپ لە تروس سۆشیال، سوپاسی ئێرانی کرد بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی (دینا کەراری) کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە دەستبەسەر کرابوو.