رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کارەبای تەوانیری تاران رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی وزە، بڕینی کاتیی کارەبا لەو شارە دەستپێدەکات.
کۆمپانیای کارەبای تەوانیری تاران، ئەمڕۆ 14ی توممووزی 2026 رایگەیاند، لە سبەی چوارشەممە، 15ی تەممووزەوە، پرۆسەی سنووردارکردن و بڕینی کاتی و پچڕپچڕ بوونی کارەبا لە شوێنە جیاجیاکانی تاران دەستپێدەکات..
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای تاران، ئەم بڕیارە دوای تۆمارکردنی ئاستێکی پێوانەیی لە بەکارهێنانی کارەبا دراوە و ئامانج لێی پاراستنی هاوسەنگی و کۆنترۆڵکردنی سەقامگیریی تۆڕی نیشتمانیی کارەبای شاری تارانە، بۆ ئەوەی رێگری لە پچڕانی یەکجاریی کارەبا بکرێت.
بەپێی دوایین ئامارەکانی کۆمپانیای کارەبای تەوانیر، بەهۆی جەنگەوە، نزیکەی 4 هەزار و 200 مێگاوات لە توانای تۆڕی کارەبای وڵات کەمبووەتەوە و زیاتر لە دوو هەزار خاڵی تۆڕەکەش تووشی زیان بوون.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تەوانیر پێشتر رایگەیاندبوو، قەبارەی ئەو زیانانەی بەر تۆڕ و ئامێرەکانی پیشەسازیی کارەبا کەوتوون، لە 60 هەزار ملیار تمەن زیاترە.



