رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکانی نەوتی ئێران دەڵێت، لە جەنگی 40 رۆژەدا 548 جار هێرش کراوەتە سەر دوورگەی خارک؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەو ماوەیەدا هەناردەی نەوتیان نەوەستاوە و 70 ملیۆن بەرمیلیان هەناردە کردووە.
ئەمڕۆ هەینی 02-10-2026، عەباس ئەسەدرووز، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکانی نەوتی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە 40 رۆژ جەنگی نێوان تاران و واشنتندا، زۆرترین هێرش کراوەتە سەر دوورگەی خارکی باشووری ئێران.
بەگوتەی عەباس ئەسەدرووز، لەو ماوەیەدا، سەرەڕای 548 جار هێرشکرانە سەر کۆمپانیاکانی نەوت لە دوورگەی خارک، چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت نەوەستاوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمانیاکانی نەوتی ئێران ئاماژەی بە قەبارەی هەناردەی نەوتی دوورگەکە کرد لەو 40 رۆژەدا و گوتی: ''هێرشەکان بە مووشەکی حەشارگەشکێن دەکران، بەڵام کۆمپانیاکانی خارک توانیان 70 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکەن''.
عەباس ئەسەدرووز دەشڵێت، قەبارەی هەناردەی نەوتی دوورگەی خارک لە جەنگی 40 رۆژەدا، نزیکەی 10٪ زیاتر بووە لە پێش جەنگ، ''ئەوەش بەهۆی هەوڵ و ئامادەبوونی بەردەوامی کارمەندانی کۆمپانیاکان''.
دوورگەی خارک سەرەکیترین شادەماری هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێرانە لە کەنداودا. لە رووی وزە و ئابوورییەوە خاوەنی پێگەیەکی بێڕکابەرە.
دوای دەستپێکردنی جەنگ چی روویدا؟
پێش جەنگ، 90٪ بۆ 95٪ـی تەواوی نەوتی خاوی هەناردەکراوی ئێران لە رێگەی ئەم دوورگەیەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بەتایبەت وڵاتانی ئاسیا و چین دەکرا.
28ـی شوبات بە هێرشێکی هاوبەش و فراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران جەنگی 40 رۆژە دەستیپێکرد کە لە یەکەم ساتەکاندا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکان کوژران.
ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، دەستی بە هیڕشی درۆنی و مووشەکیی فراوان کرد بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.
دواتر تەنگەی هورمزی داخست کە ریڕۆیەکی زۆر گرنگ بوو بۆ بازرگانیی نەوت و گاز و نزیکەی 20٪ی وزەی جیهان بەو تەنگەیەدا تێدەپەری.
هاوکات ئەمریکاش گەمارۆیەکی تووندی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

