رووداو دیجیتاڵ
پێش هەڵگیرسانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران چەقی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن بوو، بەڵام ئێستا تەنگەی هورمز بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی گرژییەکان.
ئەو دوو وڵاتە نەیارە لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەو رێڕۆیە ئاوییە لە ململانێدان، کە بە رێڕۆیەکی گرنگی بازرگانیی وزە دادەنرێت، ئەم ململانێیەش مەترسیی خستووەتە سەر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بە یەکجاری.
رۆژی دووشەممە 13-07-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تەنگەکە دەکات و لە بەرامبەر پاراستنی پارە وەردەگرێت. لە بەرامبەردا، موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری ئێران رایگەیاند: "ئەم رێڕۆ ستراتیژییە لە دەیان بۆمبی ئەتۆمی گرنگترە و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیپارێزێت." هاوکات سوپای ئێرانیش هۆشداری دا، رێگە بە واشنتن نادات دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی تەنگەکەدا بکات.
ئەم هێرشانەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کاتێکدایە، دانوستاندنکاران لە هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەییدان دوای ئەو ئاگربەستەی لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ راگەیێنرا.
ئێران چۆن کۆنترۆڵی تەنگەکەی کرد؟
پێش دەستپێکردنی جەنگەکە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی شوبات، کەشتییەکان بە ئازادی و بەپێی سیستمی جیاکردنەوەی هاتووچۆ کە لە ساڵی 1968 لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی (IMO) پەسندکرابوو، بە تەنگەکەدا تێدەپەڕین. پێش جەنگ رۆژانە بە تێکڕا 120 کەشتی بەم رێڕۆیەدا تێدەپەڕین.
بەڵام وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران کۆنترۆڵی تەنگەکەی کرد. سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی لە دروستکردنی "ناوچەیەکی مەترسیدار" دا بە رووبەری 1,400 کیلۆمەتر دووجا (کە 14 هێندەی رووبەری پاریس دەبێت) بەهۆی ئەگەری بوونی مینەوە.
دوای ئەوەی ئێران بە کردەیی تەنگەکەی داخست، کە پێشتر پێنجییەکی نەوت و گازی سرووشتیی جیهانی پێدا تێدەپەڕی، ئەمریکاش گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران. ئەم پەککەوتنەی هاتووچۆ لە تەنگەکەدا بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ زیاتر لە 120 دۆلار، کە بەرزترین ئاستییەتی لەوکاتەوەی رووسیا لە ساڵی 2022 هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا.
رێککەوتنەکە چی دەڵێ؟
لە مانگی حوزەیران، ئەمریکا و ئێران لێکتێگەیشتنێکیان واژۆکرد بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. ئەمەش وایکرد تەنگەکە بکرێتەوە و هاتووچۆی دەریایی زیاد بکات، تاوەکو هەفتەی رابردوو کە زنجیرەیەک هێرش کرایە سەر کەشتییەکان و واشنتن تارانی تۆمەتبار کرد.
بەپێی دەقی لێکتێگەیشتنەکە، ئێران رەزامەندیی لەسەر "تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ بەرامبەر، تەنیا بۆ ماوەی 60 رۆژ، لە کەنداوەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەوە" دەربڕی.
لەو کاتەوە ئێران پلانی خۆی بۆ وەرگرتنی پارە راگەیاندووە و دەڵێ، چیدیکە هاتووچۆی ئازاد وەک پێش جەنگەکە نامێنێت، ئەمەش لەلایەن واشنتنەوە رەتکراوەتەوە. ئێران پێداگری دەکات، کەشتییەکان بە رێڕۆیەکدا تێپەڕن کە نزیکە لە کەناراوەکانییەوە و هەڕەشەی بەئامانجگرتنی هەر کەشتییەک دەکات کە لەو رێڕۆ رێگەپێدراوە لا بدات.
لە لایەکی دیکەوە، ئانا سوباسیچ، شڕۆڤەکار لە کۆمپانیای کپلەر (Kpler) بۆ توێژینەوە و چاودێریی دەریایی دەڵێ، رێڕۆیەکی عومانیش هەیە کە رێگەیەکی باشووری زۆر تەسکە و لە نێوان کەناراوەکانی عومان و ئەو ناوچانەدایە کە گومانی مینیان لەسەرە.
یاسای نێودەوڵەتی چی دەڵێ؟
رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان، ئازادیی هاتووچۆ بۆ کەشتییەکان لە تەنگە نێودەوڵەتییەکاندا مسۆگەر دەکات، بەڵام ئێران هەرگیز ئەم رێککەوتننامەیەی پەسند نەکردووە. سەرەڕای ئەوەش، مارکۆ رۆسچینی، پرۆفیسۆری یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی وێستمینستەر پێیوایە، سیستمی تێپەڕبوون لە تەنگەکاندا بە بەشێک لە یاسا نێودەوڵەتییە باوەکان دادەنرێت.
ئێستا تاران کە دوای دەیان ساڵ لە سزای نێودەوڵەتی و وێرانبوونی ژێرخانەکەی بەهۆی جەنگەوە بەدوای داهاتی داراییدا دەگەڕێت، لەبری "باج"، زاراوەکانی "کرێی خزمەتگوزاری" یان "دڵنیایی" بەکاردەهێنێت.
دیمیتریس ئەمپاتزیدیس، شڕۆڤەکارێکی دیکەی کۆمپانیای کپلەر دەڵێ، رەنگە ئەم گۆڕانکارییە لە زاراوەکاندا هەوڵێک بێت بۆ پاساوهێنانەوەی یاسایی بۆ داواکارییەکەی ئێران، چونکە لە چوارچێوەی یاسای دەریایی نێودەوڵەتیدا، رێگە بە وەرگرتنی کرێ دەدرێت لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دیاریکراو، وەک رووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی ژینگە، هاوکاریی کەشتیوانی یان فریاگوزاری.


.jpg&w=3840&q=75)
