رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئیمارات لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیی لە رووداوی پەلاماردانی کاپتنی فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (فڵای دوبەی) لەلایەن یاریدەدەرەکەیەوە دەستپێکرد، کە بووە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی فڕۆکەکە لە ئاسماندا؛ لە کاتێکدا ئیسرائیل رووداوەکە بە "هەوڵێکی تیرۆریستی" ناودەبات و خەڵاتی قارەمانێتی دەبەخشێتە سەرنشینەکان.
رۆژی چوارشەممە، فڕۆکەی گەشتی ژمارە 1073ـی هێڵی ئاسمانیی فڵای دوبەی کە بە سەرنشینەکانییەوە لە دوبەی بەرەو تەلئەڤیڤ دەفڕی، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێو کابینەی فڕۆکەوانەکەدا، ناچارکرا ئاراستەی گەشتەکەی بگۆڕێت و لە فڕۆکەخانەی تەبووک لە سعودیە بنیشێتەوە.
لە ئاسماندا چی روویدا؟
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل، یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە کە هاووڵاتییەکی عومانییە، لە نێو کابینەی فڕۆکەواندا بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کاپتنە هیندییەکەی فڕۆکەکە بە ناوی (سمێت ماچهار).
لە کاتی ململانێ و شەڕی نێوانیاندا بۆ کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکە، فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە لە ماوەی کەمتر لە دوو خولەکدا بە خێرایی زیاتر لە 17 هەزار پێ (نزیکەی 5,180 مەتر) بەرەو خوارەوە دابەزیوە و مەترسیی تێکشانی لەسەر دروستبووە.
کاپتنە بریندارەکە توانیویەتی دەرگای کابینەکە بکاتەوە، ئەمەش رێگەی بە ئەندامانی تیمەکە و چەند سەرنشینێک داوە هەڵبکوتنە سەر کابینەکە، هێرشبەرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و رێگە لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئیمارات (وام) بڵاویکردەوە، داواکاری گشتیی دەوڵەت دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە بۆ زانینی ئەوەی ئایا رووداوەکە پەیوەندی بە "کردەوە یان نیەتی تیرۆریستییەوە" هەیە یان نا.
لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رووداوەکەی راستەوخۆ بە "هەوڵێکی هێرشی تیرۆریستی" ناوبرد؛ بەڵام کۆمپانیای فڵای دوبەی داوای کردووە خەڵک لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ بەدوور بن تاوەکو لێکۆڵینەوەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە کە تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە، تەواو دەبن.
ئیسرائیل خەڵاتی قارەمانێتی بەخشی
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، خەڵاتی "قارەمانێتیی مەدەنی" بەخشییە چوار سەرنشینی ئیسرائیلی کە توانیبوویان بچنە نێو کابینەکە و یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. هێرزۆگ پێی گوتن: "ئێوە گیانی خۆتان خستە مەترسییەوە و رێگریتان لە کارەساتێکی گەورە کرد."
یەکێک لەو سەرنشینانەی رووبەڕووی هێرشبەرەکە ببووەوە، یانیڤ هایوونی تەمەن 42 ساڵە (پیشەی بۆڕیچییە)، کە لە کاتی گەیشتنەوەی بۆ فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ، لە کاتێکدا جلەکانی بە خوێن سوور ببوون، لەلایەن خودی نەتەنیاهوو پێشوازیی لێکرا.
عەساف راجوان، سەرنشینێکی دیکەی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنەکە، لەبارەی ئەو ساتەوەختە گوتی: "لە ئاسماندا هەستمان بە بێدەسەڵاتی دەکرد، بەڵام ویستی رزگارکردنی منداڵ و خێزانەکانمان وایکرد هەڵبکوتینە سەر کابینەکە و لە هێرشبەرەکە بدەین."



