رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، واشنتن بەرپرسیارە لە تێکدانی رێککەوتنەکان. هۆشدارییەکی تووندیش دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و دەڵێت: "هەر وڵاتێک رێگە بدات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێت، دەبێتە ئامانجی هێزەکانمان."
رۆژی دووشەممە، 13-07-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هیچ گومانێک لەوەدا نییە کەوتووینەتە نێو قەیرانەوە؛ ئێران لە هەر دانوستاندنێکدا بە نیازپاکی بەشدار بووە، بەڵام لایەنێک کە بەڵێنەکانی شکاندووە ئەمریکایە."
بەقایی هۆکاری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا و دەڵێت: "ئەمریکییەکان هێندە بێ سەبر بوون، تەنانەت رێگەیان نەدا ماوەی مانگێکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی خاڵی پێنجەمی لێکتێگەیشتنەکە تەواو بێت و 14 بەندیان شێواند." گوتیشی: "پابەندبوونی ئێران تەنیا لە بەرامبەر پابەندبوونی لایەنی بەرامبەردایە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە دانوستاندنەکانی رۆژی شەممەی رابردوو لە مەسقەت، بە تەواوی لەسەر پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز چڕ بوونەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو گوشارانەی خرابوونە سەر عومان، رێککەوتنەکە بەدەست نەهاتووە.
لەبارەی ئاسایشی ناوچەکەوە، بەقایی پەیامێکی روونی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ کرد و گوتی: "داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین رێگە نەدەن ئەمریکا و ئیسرائیل خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن، چونکە هەر بەشێکی ناوچەکە بۆ دەستدرێژی دژی ئێران بەکاربهێندرێت، بە دڵنیاییەوە دەکەوێتە ژێر چوارچێوەی رێکارە بەرگرییەکانی ئێرانەوە."
هەروەها راگەیێندراوی سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) کە تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان کردبوو، بە "بێبایەخ" ناوبرد و رایگەیاند کە ئەوان دەیانەوێت راستییەکان بە پێچەوانەوە نیشان بدەن.
سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئامادەیی دانوستاندن، بەقایی ئەو قسانەی بە "درۆ" ناوبرد و گوتی: "ئێران لە هەر شوێنێک پێویست بکات ئامرازی جەنگ و لە هەر شوێنێکیش پێویست بێت دیپلۆماسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەکاردەهێنێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەوڵی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ دەکەن و بە بەشێک لە "شەڕی دەروونیی ئیسرائیل و ئەمریکا" ناوی بردن بۆ ئەوەی خۆیان وەک قوربانی نیشان بدەن، لە کاتێکدا وەک ئەو دەڵێت: "خۆیان سەرکردە و هاووڵاتییانی ئێرانییان تیرۆر کردووە."


.jpg&w=3840&q=75)
