رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری مەرکەزیی ئێران دەڵێت، لە دوو رۆژی رابردوودا دوو جار هێرش کراوەتە سەر نزیک دامەزراوەی ئاوی قورسی ئەراک؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
بەیانیی رۆژی دووشەممە، 13-07-2026، حەسەن قەمەری، جێگری پارێزگاری ئەراک بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنیی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لەلایەن ئەمریکاوە، بۆ دووەم رۆژی لەسەر یەک هێرشی درۆنی کرایە سەر ناوچەیەک لە خوندابی سەر بە پارێزگاکە.
بە گوتەی حەسەن قەمەری، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام دوێنێ یەکشەممە لە سنووری شارەکە، بنکەیەکی سەربازیش کراوەتە ئامانج.
لە دوو رۆژی رابردوودا هێرشەکانی ئەمریکا لە باشووری ئێرانەوە بەرەو ناوچەکانی نێوەڕاست و رۆژئاوای وڵاتەکە فراوان بوون. دامەزراوەی ئاوی قورسی ئەراک یان خونداب یەکێکە لە ستراتیژیترین و هەستیارترین ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لە نزیک شاری خونداب و 60 کیلۆمەتریی ئەراکی ناوەندی پارێزگای مەرکەزی هەڵکەوتووە.
لە دوای 28ـی شوبات و دەستپێکردنی جەنگی 40 رۆژە، چەندین جار لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە مەبەستی لەنێوبردنی، هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئەراک و زیانی پێگەیشتووە.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، جیا لە خونداب ئێوارەی دوێنێ و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر شارەکانی بەندەرعەباس، حاجی ئاباد، بەندەری لنگە و دوورگەکانی فارور و قیشم لە پارێزگای هورمزگان و دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لەو ناوچانەش بیستراوە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش چەندین هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.


