رووداو دیجیتاڵ
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری دا کە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران، وڵاتەکەی "چیدیکە پابەندی ئەو رێککەوتنە بەراییە نابێت" کە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆکراوە.
رۆژی هەینی، 10ـ تەممووزی 20263، ئیرەوانی، چەند کاژێرێک دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسی رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەک، رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە پابەندییەکانی خۆی پێشێل کردووە، ئەوەش بە هێرشی سەربازیی فراوان بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران."
باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018 و "هێرشە سەربازییە نایاساییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لەوانەش هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە حوزەیرانی 2025 و جارێکی دیکەش لە 28ـی شوباتی 2026"، هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی بارودۆخی ئێستان.
ئیرەوانی جەختی کردەوە کە ئێران لە ساڵی 1970ـەوە ئەندامێکی بەرپرسیاری پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە و گوتیشی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی "تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە و لەژێر چاودێریی وردی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدایە."
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، نوێنەرەکەی تاران داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، هاوکار بن لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ئەو رێڕەوە ئاوییە، کە بە گوتەی ئەو "بەرپرسیارێتیی دەریاوانییەکەی تەنیا لە ئەستۆی ئێراندایە." ئیرەوانی هۆشداری دا کە هەر هەوڵێکی لایەنە دەرەکییەکان بۆ دەستوەردان یان دروستکردنی رێڕەوی جیاواز، پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە و دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی دەریایی و زیادبوونی گرژییە ناوچەییەکان.
ئەم هەڵوێستە توندەی تاران دوای ئەوە دێت کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی نوێی کردە سەر ئێران و تارانیش بە مووشەکبارانکردنی بەحرێن، کوێت و قەتەر وەڵامی دایەوە؛ ئەم پەرەسەندنانە جارێکی دیکە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئابادیان رووبەڕووی مەترسی کردەوە.
ئەم پێکدادانانە تەنیا چەند کاژێرێک دوای لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هاتن کە گوتبووی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، بە مانای کۆتاییهاتنی ئاگربەستە ناسکەکەیە. "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد" کە لە 17ـی حوزەیرانی رابردوو واژۆکرا، مۆڵەتێکی 60 رۆژەی بۆ دانوستاندن دیاریکردبوو تاوەکو هەردوولا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەڵگرتنی سزاکان.


.jpg&w=3840&q=75)
