رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران لە نامەیەکی درێژدا کە ئاراستەی خەڵک، زانایان، قوتابیان و رۆژنامەڤانانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردووە، هۆشداری لەبارەی "پووکانەوە و داڕمانی" پێگەی ئەمریکا دەدات و رایدەگەیێنێت، بەهۆی جەنگە نەبڕاوەکان، قەرزە کەڵەکەبووەکان و هەڵبژاردنی سەرکردەی نادروست، وڵاتەکەیان بەرەو داڕمان دەچێت؛ بۆیە داوا لە گەلی ئەمریکا دەکات هەڵوێست وەربگرن و نەهێڵن باجەکانیان لە شەڕە دەرەکییەکاندا بەهەدەر بچێت.
لە نامەکەی سوپای پاسداران ئاماژە بە شەڕێکی حەوت مانگەی نێوان ئێران لە لایەک و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە دەکات. لە نامەکەدا باس لەوە کراوە کە سەرەڕای هێرشکردنە سەر قوتابخانەی میناب و گیانلەدەستدانی 168 قوتابی، هێرشکردنە سەر نووسینگەی عەلی خامنەیی و گیانلەدەستدانی ئەو و ئەندامانی خێزانەکەی، هەروەها بۆردوومانکردنی چەندین نەخۆشخانە، زانکۆ و قوتابخانە، هێشتا واشنتن لە گەیشتن بە ئامانجە راگەیێندراوەکانی شکستیهێناوە.
سوپای پاسداران دەڵێت، ئامانجە سەرەتاییەکانی کۆشکی سپی بریتی بوون لە رووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دابەشکردنی خاکی ئێران، بەڵام دواتر بەهۆی شکستی سەربازییەوە ناچار بوون ئامانجەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز، کێڵگەی نەوتی خارگ، لەنێوبردنی پیشەسازیی ئەتۆمی و مووشەکی دابەزێنن.
بەپێی نامەکە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەک هەر بە هیچ کام لەو ئامانجانە نەگەیشتوون، بەڵکو گورزی قورسیان بەرکەوتووە و دەیان فڕۆکەی جەنگی، زیاتر لە 200 درۆنی ستراتیژی و چەندین بنکەی سەربازیی واشنتن لە ناوچەکەدا لەکارخراون.
روونکردنەوە لەبارەی درووشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا"
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، روونکردنەوە لەسەر درووشمی باوی "مەرگ بۆ ئەمریکا" دەدرێت و هاتووە، ئەم درووشمە دژایەتیکردنی گەلی ئەمریکا نییە، بەڵکو هاواری ناڕەزایەتییە لە سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی کە زیاتر لە 73 ساڵە بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە کودەتای ساڵی 1953، پشتیوانیکردنی دەسەڵاتی شا، پیلانگێڕییەکانی سەردەمی دوای شۆڕش لە رێگەی باڵیۆزخانەی پێشووی ئەمریکا لە تاران، پشتیوانیکردنی سەدام حوسێن لە شەڕی هەشت ساڵە، خستنەخوارەوەی فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئێران بە 290 سەرنشینەوە، سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییە درێژخایەنەکان و کوشتنی قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ کراوە.
هەروەها سەبارەت بە خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران، لە نامەکەدا هاتووە، واشنتن چەمکەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەگۆڕێت؛ چونکە سوپای پاسداران هێزێکی نیشتیمانییە و لە پێناو پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی و پووچەڵکردنەوەی کودەتا و پیلانە دەرەکییەکاندا وەستاوەتەوە، بۆیە تۆمەتبارکردنی بە تیرۆریزم تەنیا چەواشەکارییە.
داڕمانی ئابووری و سەرقاڵبوون بە پرسی لاوەکی
سوپای پاسداران رەخنەی تووند لە دۆخی نێوخۆیی و سیاسەتەکانی واشنتن دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی دانیشتووانی ئەمریکا تەنیا 4٪ـی دانیشتووانی جیهانن، بەڵام 20٪ـی زیندانییەکانی جیهان لەو وڵاتەدان و ساڵانە زیاتر لە هەزار و 300 هاووڵاتی بە دەستی پۆلیس لە شەقامەکاندا دەکوژرێن.
لە نامەکەدا هاتووە کە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دابەشبوونێکی قووڵی کۆمەڵایەتییان دروستکردووە و داهاتی باجدەرانیش بۆ شەڕە بێسوودەکانی وەک ئەفغانستان و عێراق بەهەدەر دەدەن.
لە رووی ئابووریشەوە هۆشداری دراوە کە قەرزەکانی واشنتن گەیشتوونەتە زیاتر لە 40 ترلیۆن دۆلار و پشکی ئەو وڵاتە لە بەرهەمی نێوخۆیی جیهان پاشەکشەی بەرچاوی کردووە، بەجۆرێک کە ئەمریکا لە هەناردەکاری سەرەکیی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە گۆڕاوە بۆ فرۆشیاری نەوتی خاو و خەڵووز لە پێناو مانەوەی ئابوورییەکەی.
هاوکات رەخنە لەوە دەگیرێت کە سەرۆکی ئەمریکا لەبری چارەسەرکردنی پرسی هەڵاوسان، نیشتەجێبوون و تەندروستی، خەریکی پرسە لاوەکییەکانە و لەسەر ئاستی دەرەوەش باجی خەڵک بۆ شەڕ لە غەززە و لوبنان تەرخان دەکات، ئەوەش وایکردووە لە نێوخۆی ئەمریکادا ناڕەزایەتیی خوێندکاران و رووداوی وەک خۆسووتاندنی سەرباز ئارۆن بوشنێل دروست ببێت.
بەراوردی مۆدێلی سەرکردایەتی ئەمریکا و ئێران
نامەکە بەراوردکاری لە نێوان پێوەرەکانی سەرکردایەتی لە ئێران و شێوازی حکومەت لە ئەمریکا دەکات و دەڵێ، لە دەستووری کۆماری ئیسلامیدا رابەرایەتیی وڵات لەسەر پێنج بنەمای زانست، دادپەروەری، تەقوا، ئاگاداری لە سەردەم و بوێری هەڵدەبژێردرێت، لە کاتێکدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەسەڵات دراوەتە دەست کەسانێک کە لە پێناو بەرژەوەندیی بازرگانیی کەسی، راکێشانی رەزامەندیی لۆبییەکانی چەک و دەستکەوتی دارایی بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدەن، ئەوەش وایکردووە هێزەکانیان لە ڤێتنام و ئەفغانستانەوە تاوەکو ناوچەکە بەردەوام پاشەکشە بکەن.
رێگەچارەی پێشنیازکراو بۆ دەربازبوون لە داڕمان
لە بەشی کۆتایی نامەکەدا، سوپای پاسداران بە پشتبەستن بە دەقەکانی پەیمانی کۆن لە تەورات و ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز سەبارەت بەوەی خودا چارەنووسی هیچ نەتەوەیەک ناگۆڕێت تاوەکو خۆیان دەست بە گۆڕانکاری نەکەن، داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکا دەکات بێدەنگ نەبن و گوشار بخەنە سەر کۆشکی سپی بۆ ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی سەربازخوازی لە جیهاندا بهێنێت.
سوپای پاسداران داوا لە خەڵکی ئەمریکا دەکات هەنگاو بۆ کۆکردنەوە و کشانەوەی زیاتر لە 800 بنکەی سەربازیی دەرەکی بنێن، کۆتایی بە هاوکارییە دارایی و چەکدارییەکان بۆ ئیسرائیل بهێنن، دەستبەرداری شەڕە بێسوودەکان ببن و داهاتی باجەکانیان بۆ کەرتی توێژینەوەی زانستی، بووژانەوەی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە نێوخۆی ئەمریکادا تەرخان بکەن تاوەکو ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان دابین بکەن. لە کۆتاییشدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە گەلی ئێران لەسەر بنەماکانی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەم بەردەوام دەبێت و چاوەڕوانی ئەوەیە کە بە هاتنەوەی حەزرەتی مەسیح و ئیمام مەهدی، ستەمکاری لە سەرانسەری جیهاندا کۆتایی پێبێت و دادپەروەری بۆ گەلانی چەوساوە جێگیر ببێت.



