رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی حکومەتی ئێران، قەدەخەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بە "نموونەی سەرەڕۆیی ئەمریکا" چوواند و رایگەیاند، تاران لەسەر ئەم کارەی واشنتن سکاڵای فەرمی پێشکێشی رێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی سڤیل کردووە. ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی ئەیلوولی 2026، فاتیمە مهاجرانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران رایگەیاند: "سکاڵایەک پێشکێشی دامەزراوە جیهانییەکانی وەک (ئیکائو) کراوە و بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەم پرسە دەکەین". گوتەبێژی حکومەتی ئێران، جەختی لەسەر بژاردەی دیپلۆماسی کردەوە و گوتی: "پێمانوایە تاوەکو دەکرێت دەبێت پرسەکان بە شێوازی دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن. لەبەر ئەوە دانوستاندنەکانمان بەردەوامن و بڕوامان وایە کێشە ناوخۆیی و ناوچەیییەکان دەبێت لە ناوخۆی ناوچەکەدا چارەسەر بکرێن." مهاجرانی ئاماژەی بەوەش کرد، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا لەبارەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردووە، کە تاران بۆ لادانی ئەو گەمارۆیانە، رێگەی سەربازی ناگرێتەبەر و لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار دانوستاندن دەکات. رۆژی دووشەممە، 28ی ئەیلوولی 2026، ئەبوزەڕ شیروودی، سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی سڤیلی ئێران ناردنی سکاڵایەکی فەرمی بۆ ئیکائو پشتڕاست کردەوە. شیروودی رایگەیاند، لە سکاڵاکەدا "بەڵگەکانی ناڕەزایەتیی ئێران بەرامبەر بە دروستکردنی ئاستەنگ لە رەوتی گەشتە ئاسمانییەکاندا بە روونی خراونەتەڕوو." هەنگاوەکەی تاران دوای ئەوە دێت کە لە هەفتەی رابردووەوە و بەهۆی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران، چەندین فرۆکەخانەی جیاواز لە ناوچەکە و جیهاندا گەشتەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.