رووداو دیجیتاڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومەتی وڵاتەکەی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندیی لەگەڵ عومان و دۆخی تەنگەی هورمز سەردانی ئەو وڵاتە دەکات. بەپێی میدیای فەرمیی ئێران (ئیرنا)، عەباس عێراقچی سبەی شەممە، 11ـی تەممووزی 2026 سەردانی عومان دەکات. بڕیارە لەم سەردانەدا گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەتایبەتی تاوتوێی دۆخی تەنگەی هورمز بکرێت. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بە مەبەستی دیاریکردنی میکانیزمی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لەگەڵ عومان گفتوگۆ دەکەن، بەڵام ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندووە، نابێت هیچ پارەیەک لە بەرامبەر تێپەڕبوونی کەشتی بەو رێڕۆوە ئاوییەدا وەربگیرێت، چ لەلایەن ئێران و چ لەلایەن عومانەوە. ئەم سەردانەی عێراقچی لە کاتێکدایە، دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران ئاستەنگی بۆ دروستبووە. ئێران رۆژی دووشەممە و سێشەممەی رابردوو هێرشی کردە سەر چەند کەشتییەک و لە وەڵامی ئەوەشدا ئەمریکا رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە هێرشی کردە سەر ئێران. بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەو ماوەیەدا 170 ئامانجیان لەنێو خاکی ئێران پێکاوە. لە وەڵامیشدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشی مووشەکی و درۆنیی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت، بەحرێن و ئوردن.
ئێران10-07-2026فەرماندەی سوپای پاسداران: تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی داواکارییەکی رەوا و لەبیرنەکراوە