رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناوچەی ئازادی چابهاری ئێران رایدەگەیێنێت، لە هێرشەکانی ئەمریکا لە شەوی چوارشەممە تاوەری چاودێریی هاتووچۆی دەریایی و کۆگایەکی ناوچەکە بۆردوومان کراون.
پێنجشەممە 9-7-2026 محەممەد سەعید ئەربابی، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی ناوچەی ئازادی چابهار رایگەیاند، لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر چابهار، تاوەری چاودێریی کۆنتڕۆڵی هاتووچۆی دەریایی ناوچەی ئازادی چابهار کراوەتە ئامانج و زیانی پێگەیشتووە.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، لە هێرشەکاندا یەکێک لە کۆگاکانی ناوچەی ئازادی چابهاریش پێکراوە، بەڵام سەرەڕای زیانەکان، ئێستا پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و پرۆسەی بەتاڵکردنی ئۆتۆمبێلەکان لە نێو کۆگاکانی ناوچەکەدا بەردەوامە.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی چابهار، شەپۆلێکی نوێی تەقینەوە چەند شارێکی دیکەی باشووری ئێرانی هەژاند. پەیامنێرانی ئاژانسی "مێهر"ی ئێرانی رایانگەیاندووە، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێزیان لە شارەکانی بوشەهر و ئێرانشەهر (لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان) بیستووە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و هەڕەشەی هێرشکردنەوەی سەر ئێرانی کرد، شەوی چوارشەممە سێنتکۆم رایگەیاند بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، هێرشیان کردووەتە سەر باشووری ئێران.
بەگوێرەی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، دەوروبەری کاژێر 11:15ی شەوی چوارشەممە دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکانی بەندەر عەباس، سیریک، بوشەهر، کونارەک و چابهار لە باشووری ئێران بیستراون.
ئاژانسی هەواڵی "مێهر" بڵاویکردەوە، لە شارەکانی چابهار و کونارەک دەنگی نزیکەی 10 تەقینەوە بیستراوە. ئاژانسی "ئیرنا"یش رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکانەوە تەزووی کارەبا لە بەشێکی شاری چابەهار بڕاوە. هاوکات دانیشتووانی پارێزگای بوشەهریش دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێزیان بیستووە.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر بەندەری چابەهار لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، پارچەی ئەو مووشەک و پاشماوەی تەقەمەنییانەی بەکارهێنراون، بەر نەخۆشخانەی "ئیمام عەلی" لەو شارە کەوتوون. تاوەکو ئێستا ئاستی زیانەکانی نێو نەخۆشخانەکە بە وردی رانەگەیێندراوە.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر بەندەری چابەهار لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، پارچەی ئەو مووشەک و پاشماوەی تەقەمەنییانەی بەکارهێنراون، بەر نەخۆشخانەی "ئیمام عەلی" لەو شارە کەوتوون. تاوەکو ئێستا ئاستی زیانەکانی نێو نەخۆشخانەکە بە وردی رانەگەیێندراوە.
هاوکات پەیامنێری رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران رایگەیاند، سێ تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری گوندی "تاهرویی" سەر بە شاری سیریک بیستراون. هەروەها لە شاری "جاسک"یش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی لەسەریەک بیستراوە و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ناوچەکەدروستکردووە.
هەروەها لە دوورگەی "ئەبو موسا" دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، بەهۆی "هێرشەکانی دوژمن" سێ هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی کارەبا لە شاری چابهار پچڕاون.
دوای دەنگی تەقینەوەکان فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستیان بە هێرشی سەربازیی زۆرتر بۆ سەر ئێران کردووە.
سێنتکۆم راشیگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت لەو شەڕانگێزییە بێ پاساوانەی بەرامبەر کەشتییە بازرگانییەکان و تیمە مەدەنییەکان کردوونی."
شەوی رابردووش سوپای ئەمریکا هێرشی کردە زیاتر لە 80 ئامانج لە نێو ئێران، هێزە چەکدارەکانی ئێران رایانگەیاند کە وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ى راگەیاندووە، هێرشەکانی رۆژی چوارشەممە زۆر فراوانترن لە هێرشەکانی رۆژانی پێشوو. ئەو بەرپرسە گوتیشی، ئامانجەکان پێکهاتوون لە راداری کەناراوەکان، بنکەکانی هاوێشتنی مووشەکی دژە کەشتی و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران.

