رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وەڵامی پرسیاری رووداوی دایەوە و گوتی، پێشنیازی ئێرانی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز رەتکردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە چاوەڕێی هەڵوێستی کۆتایین بۆ ئەوەی بڕیاری خۆیان بدەن.
رۆژی یەکشەممە 27-09-2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی رایگەیاند: "کاردانەوەی سەرۆک ترەمپمان لەبارەی پێشنیازەکەمان گوێ لێبوو. چاوەڕێی نێوەندگیرەکان دەکەین بۆ ئەوەی هەڵوێستی کۆتایی [ئەمریکا]ـمان پێ بگەیێننن. لەسەر بنەمای ئەو هەڵوێستانە، ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین."
عێراقچی رایگەیاند: "بۆ ئەو کێشەیەی لەگەڵ واشنتن هەمانە، جگە لە دانوستاندنێکی دادپەروەرانە کە گەرەنتیی مافی گەلەکەمان بکات و خواستە رەواکانمان بەدی بێنێت، هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە."
ئەم قسەیەی عێراقچی دوای ئەوە دێت، دوێنێ شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "پێشنیازەکەی ئێرانم [بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز] رەتکردووەتەوە."
پێشنیازەکەی تاران کە لە رێگەی قەتەرەوە دراوەتە واشنتن، نەخشەڕێگەیەکی حەوت رۆژییە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بەڕووی جموجووڵی کەشتیوانیدا. بەپێی پلانەکە، ئەگەر ئەمریکا مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکات، ئەوا لە رۆژی حەوتەمدا تاران رێگە بە هاتووچۆی ئاسایی کەشتییەکان دەدات و تەنگەکە بە تەواوی دەکاتەوە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، ئێران چەند مەرجێکی سەرەکی داناوە کە بریتین لە راگرتنی سەرجەم شەڕ و گرژییەکان لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (لە نێویاندا لوبنان و یەمەن) بۆ حەوت رۆژ.
هەروەها ئێران داوا دەکات لانیکەم 12 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئازاد بکرێ، سزاکانی سەر نەوتەکەی هەڵبگیرێن و کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بهێندرێ.
بەپێی میدیای ئەمریکا، ترەمپ بە بەرپرسانی کۆشکی سپی گوتووە، گومانی هەیە ئێران داواکارییەکانی جێبەجێ بکات و پێشبینی دەکات "دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەم، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران دەست پێبکەنەوە."
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی گوتی: "تاران بۆ دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پرسەکانی دیکە ئامادەیە، بەڵام قبووڵی ناکات زۆری لێبکرێ یان هەڕەشەی لێبکرێ،" پزیشکیان هەروەها گوتی، ئێران بەدوای شەڕەوە نییە.


.avif&w=3840&q=75)