رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دوایین هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران کۆتایی پێهێنا؛ تێیدا زیاتر لە 80 ئامانجی جیاواز بە "چەکی زۆر ورد پێکراون"، ئەمەش وەک وەڵامێکی دەستبەجێ بۆ هێرشەکانی تاران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز.
رۆژی سێشەممە 7ی تەممووزی 2026 سێنتکۆم رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، تۆڕەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، وێستگە رادارییەکانی کەناراوەکان و توانای مووشەکیی دژە کەشتیی ئێرانیان پێکاوە."
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 60 بەلەمی بچووکی سوپای پاسدارانی ئێران لەناو تەنگەی هورمز و دەوروبەری تێکشکێندراون؛ ئامانج لەم هەنگاوەش "لاوازکردنی توانای ئێرانە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی کەشتییە بازرگانییەکان لەو رێڕەوە نێودەوڵەتییەدا."
ئەم هێرشە نوێیانەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشی کردە سەر سێ کەشتیی بازرگانی لە کاتی تێپەڕبوونیان لە تەنگەی هورمز، کە بریتین لە: کەشتیی (ئەلڕەکەیات) کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی پێوە بووە، کەشتیی (وەدیان)ـی سعوودی، و کەشتیی (سایپریس پرۆسپێریتی) کە بە ئاڵای لیبێریاوە گەشتی کردووە.
سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئەم رەفتارانەی هێزەکانی ئێران پێشێلکارییەکی روون و مەترسیداری ئاگربەستە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادیی دەریاوانی لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشیی تەواودان و بەردەوام دەبن لە لێپرسینەوە لەگەڵ ئێران لە ئەگەری پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکان و بەردەوامبوونی هێرشەکان.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێشێلکردنی خاڵەکانی یەک و دووی یاداشتی لێکتەگەیشتنی ئیسلامئابادە.

.jpg&w=3840&q=75)

