رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵمەتی وڵاتەکەی بۆ گەمارۆدانی دارایی و ئاسمانیی ئێران ئەنجامی بەرچاوی بەدەستهێناوە و دەستخۆشی لە هەڵوێستی تورکیا، ئیمارات، عومان و بەریتانیا دەکات کە هاوکار بوون لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و مامەڵە بانکییەکان لەگەڵ تاران.
رۆژی یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئابوورییان دژی ئێران، وەزارەتی گەنجینە رێکاری دارایی دیاریکراوی بەسەر بانکەکان و کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانیدا سەپاندووە؛ گوتیشی، "بە رێنمایی و فەرمانی راستەوخۆی من، تیمەکانمان بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوەیان پێکرا بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتان کۆببنەوە و داوای هەنگاونانی کردەیی دژی رژێمی ئێران بکەن."
بێسێنت ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هەوڵانە ئەنجامیان هەبووە و گوتی: "تورکیا و عومان راگرتنی گەشتەکانی ماهان ئەیریان بۆ وڵاتەکانیان راگەیاند؛ هاوکات ئیمارات سەرجەم گەشتەکانی سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانی راگرت و گەورە بانکە بازرگانییەکانی ئیمارات و تورکیاش مامەڵە داراییەکانیان لەگەڵ تاران بە تەواوەتی هەڵپەسارد."
سەبارەت بە لێکەوتە داراییەکانی ئەو گەمارۆیانە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بە داڕمانی ئابووریی ناوخۆی ئێران کرد و گوتی: "تەنانەت خودی سەرکردایەتیی ئێرانیش دانیان بە زیانە قورسە ئابوورییەکانی جەنگەکەدا ناوە، بەتایبەت کە بەهای ریاڵی ئێرانی بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی دابەزیوە."
لە کۆتایی گوتەکانیدا، بێسێنت پێزانینی واشنتنی بۆ هاوکاریی هاوپەیمانەکانی دەربڕی و گوتی: "سوپاسی حکومەتەکانی بەریتانیا، تورکیا، عومان و ئیمارات دەکەم. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنی پێکەوەیی لەگەڵیاندا، چونکە کاری زیاترمان لە پێشە تاوەکو رێگری لە تاران بکەین لە جێبەجێکردنی" ئەجێنداکانی.
گەمارۆکەی ئەمریکا کام کۆمپانیایانە دەگرێتەوە؟
گەمارۆ نوێیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی وەزارەتی گەنجینەوە جێبەجێ دەکرێن.
رۆژی 8ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتەکە ئاماژە بەوە کرد: "هەموو کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران ئامانجە و هیچ جیاکارییەک لەنێوان فڕۆکەی حکومی و کەرتی بەناو تایبەت ناکرێت". لە سەرووی هەموویانەوە، هێڵی فڕۆکەوانیی نیشتمانیی ئێران ناسراو بە ئێران ئێیەر و گەورە کۆمپانیای ماهان ئێیەر وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکیی گواستنەوەی سەربازی دەستنیشان کراون.
هاوکات سەرجەم کۆمپانیا بازرگانییەکانی دیکەی وەک کاسپین، میعراج، تابان، کیش ئێیەر و کۆمپانیا ناوخۆیی و ناوچەییە بچووکەکانیش خراونەتە نێو ئەم بازنەیەوە کە ژمارەیان 27 کۆمپانیایە.
بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی گەنجینەی ئەمریکا لە مانگی ئاب و ئەیلوولی 2026، "تاران تۆڕێکی ئاڵۆزی لە کۆمپانیاکان کە ئەمریکا بە کۆمپانیای رووکەش ناویان دەبات لە ئەورووپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا دروستکردووە کە بە ناوی بازرگانیی گشتی، تەکنەلۆجیا و لۆجستی کار دەکەن بۆ کڕینی پارچەی یەدەگی فڕۆکەی دروستکراوی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا و دواتر لە رێگەی قاچاخەوە رەوانەی ئێرانیان دەکەن".
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، "بەم گەمارۆیە دەمانەوێ سەرچاوەی دەستڕاگەیشتنی تاران بە پارچەی یەدەگی فڕۆکەی مەدەنی و تەکنەلۆجیای دووئامانجە نەهێڵین، شادەماری گواستنەوەی سەربازیی فەیلەقی قودس لەنێوان پایتەختەکان پەکبخەین، هەناردە و هاوردەکردنی درۆن و مووشەکی بالیستی رابگرین و رێگری لە گواستنەوەی زێڕ و دراوی بیانی بکەین کە ئێران لە رێگەی ئەم هێڵە ئاسمانییانەوە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان بەکاریان دەهێنێت".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجیی کۆتاییان ئەوەیە کە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران لە رووی فڕین و کارپێکردنەوە لەکاربخەن و هیچ دەرچەیەکی پەیوەندیی ئاسمانیی بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە نەمێننەوە.
بە گوێرەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە دوای 23ی ئەیلوولەوە بڕیارەکەیان بووەتە هۆی راگرتن، هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی 80٪ بۆ 90٪ی سەرجەم گەشتە نێودەوڵەتییەکانی ئێران.
راپۆرتە مەیدانییەکان و داتاکانی پێگەکانی فلایت رادار24 و سیستمی بڕینی تیکتی فڕۆکەوانی دەریدەخەن کە هێڵی ئاسمانیی ئێران بە تەواوەتی رانەوەستاوە. گەشتەکان لە ئەورووپا، کیشوەری ئەمریکای باکوور و باشوور و کیشوەری ئەفریقاوە بە تەواوەتی بۆ ئێران و لە ئێرانیشەوە بۆ ئەو ناوچانە هەڵپەسێردراون. زۆربەی هێڵە نێودەوڵەتییە گەورەکان وەک لوفتهانزا و هێڵی ئاسمانیی نەمسایی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیان بۆ تاران هەڵوەشاندوەتەوە. هەرچەندە رووسیا، چین، ئەرمینیا و ئەفغانستان لە گەشتەکانیان لەگەڵ ئێراندا بەردەوامن.



