رووداو دیجیتاڵ
ئییال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لەنێو خاکی باشووری لوبنانەوە هۆشداریدایە حیزبوڵڵا و رایگەیاند، سوپاکەیان ئامادەیە بۆ "هێرشێکی خێرا" ئەگەر ئاگربەست پێشێل بکرێ. جەختیشی کردەوە دەبێ سوپای لوبنان ناوچەکە لە چەکدارانی حیزبوڵڵا پاک بکاتەوە.
سوپاسالاری ئیسرائیل لە نزیک قەڵای شقێف (Beaufort) لەبەردەم سەربازانی وڵاتەکەی رایگەیاند، حیزبوڵڵا بە پارە و رێنمایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ماوەی چەندین دەیە تونێلی لە ژێر زەویدا لێداوە بۆ ئەوەی هەڕەشە لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل بکات.
زەمیر گوتی: "ئێستا هێزەکانمان کۆنتڕۆڵی ناوچە سەرەکییەکانی سەر زەوی و ئەو رێڕەوانەی ژێر زەویشیان کردووە، کە حیزبوڵڵا بەکاری دەهێنان."
داواکاری لە سوپای لوبنان
ئییال زەمیر داوای لە سوپای لوبنان کرد، پابەندی رێککەوتنەکەی نێوانیان بێت کە لە 26 ی مانگی رابردوو بە نێوەندگیری ئەمریکا واژۆکرا و، کار بۆ نەهێشتنی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە ناوچەکەدا بکات. راشیگەیاند، سوپای ئیسرائیل بە جیدی کار دەکات بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک لەنێو خاکی لوبنانەوە و ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەیەکی خێرا ئەگەر ئاگربەست پێشێل بکرێت.
ئەم لێدوانانەی سوپاسالاری ئیسرائیل لەکاتێکدان، ئاگربەستێکی کاتی لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبناندا هەیە. بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێ چەکدارانی حیزبوڵڵا بۆ پشت رووباری لیتانی بکشێنەوە و سوپای لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر ببێت. ئیسرائیل چەندین جار هۆشداریی داوە ئەگەر حیزبوڵڵا هەوڵی گەڕانەوە بۆ ناوچە سنوورییەکان بدات، هێرشەکانی دەست پێ دەکەنەوە.

