رووداو دیجیتاڵ
تاران هۆشدارییەکی سەربازیی تووندی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند، هەر جۆرە "هەڵە لێکدانەوەیەک" لە کاتی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، وەڵامی "سەخت و پەشیمانکەرەوەی" دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی تەممووزی 2026، عەلی عەبدوڵڵاھی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا لە راگەیێندراوێکدا کە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکە بڵاویانکردەوە، رایگەیاند: "ئێمە هۆشداری دەدەینە دووژمنانی ئێران، بەتایبەت ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، خۆیان لە هەر جۆرە هەڵە لێکدانەوەیەک بپارێزن و بیر لەو تۆڵە سەختە بکەنەوە کە هێزە چەکدارەکانمان لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک ئەنجامی دەدەن."
ئەم هۆشدارییە سەربازییە لە کاتێکدایە ئێران ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی دەکات کە بڕیارە رۆژی 4ی تەممووز لە تاران دەستپێبکات و رۆژی 9ی تەممووز بە ناشتنی تەرمەکەی لە شاری مەشهەد کۆتایی بێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی هاوشێوەی ئاراستەی ئیسرائیل کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێستای ئێران "ئامانجی کوشتنە." عێراقچی جەختی کردەوە لەوەى تاران وەڵامێکی دەستبەجێ و بەهێزی بۆ هەر هەڕەشەیەک دژی گەل و سەرکردایەتییەکەی دەبێت.
بەهۆی ئەم رێوڕەسمەوە، رێکارە ئەمنییەکان لە سەرانسەری ئێران تووندتر کراونەتەوە. سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران رایگەیاند، سنووردارکردنی کاتیی گەشتە ئاسمانییەکان بەسەر چەند شارێکی وەک تاران و مەشهەد جێبەجێ دەکرێت. هەروەها نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان لە قەتەر ئاماژەیان بەوە کردووە کە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراون تاوەکو رێوڕەسمی پرسەکە کۆتایی دێت.
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، لە 28ی شوباتی 2026 و لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگی ئێران، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا. رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بۆ ماوەی چەندین مانگ دواخرا بەهۆی بەردەوامیی پێکدادانە سەربازییەکان و پێویستیی ئامادەکردنی ژێرخان بۆ پێشوازیکردن لە ملیۆنان کەس کە چاوەڕوان دەکرێت بەشداری تێدا بکەن.



.png&w=3840&q=75)