رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران مۆڵەتی 48 کاژێری دا بە دیپلۆماتکارێکی سوێدی لە تاران تاوەکو خاکی ئەو وڵاتە جێبهێڵێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژێک پێشتر ستۆکهۆڵم کارمەندێکی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەرکردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی پێنجشەممە، 17ی ئەیلوولی 2026، باڵیۆزی سوێدی لە تاران بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بڕیارەکەی ستۆکهۆڵم و لە راگەیێندراوێکدا کە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە بڵاوکرایەوە، بڕیارەکەی سوێدی بە "ناڕەوا و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان" وەسف کرد.
هاوکات تاران تۆمەتەکانی سوێدی سەبارەت بە هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی جوولەکە و ئیسرائیل و بەکارهێنانی تۆڕە تاوانکارییەکان بە "بێ بنەما" وەسفکرد.
لە بەرامبەردا، ماریا مالمەر ستینەرگارد، وەزیری دەرەوەی سوێد لەبارەی وەڵامدانەوەکەی تاران رایگەیاند، "زۆر مایەی داخ"ـەو ئاماژەی بەوە کرد، کارمەندە سوێدییەکە لە ئێران "تەنیا کاری ئاسایی دیپلۆماسیی خۆی دەکرد". ئەمەش لە کاتێکدایە دەسەڵاتدارانی سوێد دەڵێن، دیپلۆماتکارە ئێرانییەکەیان بەهۆی پێشێلکردنی رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەرکردووە.
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و سوێد کە رەوەندێکی گەورەی ئێرانی و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نیشتەجێن، ماوەی چەندین ساڵە گرژیی بەخۆوە بینیوە؛ ئێران لە مانگی ئاداری رابردوودا هاووڵاتییەکی سوێدی-ئێرانی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دا.
ئەحمەدڕەزا جەلالی، هاووڵاتییەکی دیکەی سوێدی-ئێرانی زیاتر لە 10 ساڵە لە ئێران زیندانیکراوە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی دەزگای مۆساد، لە کاتێکدا تاران دان بە دوو وڵاتینامەییدا نانێت. بەپێی حکومەتی سوێد، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، چەندین بەرژەوەندیی ئیسرائیلی لە سوێد کراونەتە ئامانج.
وردەکاریی رێکارەکەی سوێد دژی ئێران
رۆژی چوارشەممە، 16ی ئەیلوولی 2026، گۆنار سترۆمەر، وەزیری دادی سوێد رایگەیاند: "ئێمە دەزانین ئێران ماوەیەکی درێژە خەریکی جموجۆڵێکە کە ئاسایشی نێوخۆ و بەرژەوەندییەکانی سوێد دەخاتە مەترسییەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی ئێران و چەندین بەرژەوەندیی جیاوازی جوو و ئیسرائیلی لە وڵاتەکەماندا کردووەتە ئامانج."
وەزیری داد ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەوڵانەی تاران "لە رێگەی بەکارهێنانی تۆڕ و گرووپە تاوانکارییەکانەوە کراون."
ماریا مالمەر ستینەرگارد، وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند، داوا لەو کارمەندەی باڵیۆزخانەی ئێران کراوە خاکی وڵاتەکەیان جێبهێڵێت بەهۆی "کردنی ژمارەیەک چالاکی کە پێچەوانەی رێککەوتننامەی ڤیەننای پەیوەست بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانن."
وەزیری دەرەوە وردەکاریی زیاتری لەبارەی سرووشتی چالاکییەکان ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە "لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییانمان و بەرژەوەندییەکانی دیکەی سوێد" گیراوەتەبەر.
پێشتر دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی سوێد ئێرانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی ئەندامانی باندە تاوانکارییە نێوخۆییەکان بەکاردەهێنێت بۆ "کردەوەی تووندوتیژی" لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و لایەنەکانی دیکە لە وڵاتەکەدا، تۆمەتێک کە پێشتر ئێران رەتیکردووەتەوە.

