رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەڵێت، چیدیکە جەنگی فراوان لەنێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا رووناداتەوە و شارەکانی ئێران بۆردوومان ناکرێن؛ ئاماژە بەوەش بدەکات، ئەوەی واشنتن لە جەنگدا لەدەستی داوە، زیاترە لەوەی بەدەستی هێناوە.
رۆژی پێنجشەممە 17-09-2026، محەممەدڕەزا باهونەر، ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران سەبارەت بە داهاتووی جەنگی وڵاتەکەی و ئەمریکا رایگەیاند: ''چیدیکە جەنگێکی سەربازیی فراوان روونادات. رەنگە هەندێکجار ئەوان فیشەکێک بتەقێنن و ئێمەش لە وەڵامدا فیشەکێک بتەقێنین، بەڵام ئەوە نابینینەوە کە جەنگێکی جدی رووبدات و دووبارە تاران و ئیسفەهان بۆردوومان بکرێنەوە."
باهونەر وەک بەڵگە بۆ لێکدانەوەکەی گوتی: ''ئەگەر هەموو ئەو هێرشانەی تاوەکو ئێستا کردوویانە لەبەرچاو بگرین، ئەوەی ئەمریکا لەدەستی داوە، زیاترە لەوەی بەدەستی هێناوە."
قسەکانی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەکاتێکدایە، ئەمریکا زیاتر لە هێرشی سەربازی، رووی کردووەتە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران و تووندترکردنی سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکە.
28ـی شوبات بە هێرشێکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، جەنگی 40 رۆژە دەستیپێکرد کە سەرەڕای هەبوونی ئاگربەستێکی لەرزۆک لە هەشتی نیسان و یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییی جەنگەکە بەدی ناکرێ.



