رووداو دیجیتاڵ وەزیری دەرەوەی پاکستان و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. کایا کالاس ستایشی هەوڵە نێوەندگیرییەکانی ئیسلامئابادی کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام نیگەرانیی خۆی لە پێشێلکارییەکانی ئەم دواییەی ئاگربەست دەربڕی و داوای کرد هەموو لایەک رێز لە بەڵێنەکانیان بگرن. رۆژی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد ئیسحاق دار و کایا کالاس "پێداچوونەوەیان بۆ بارودۆخی خێرای ناوچەکە کردووە". لەم پەیوەندییەدا، کالاس "ستایشی هەوڵە دڵسۆزانەکانی پاکستانی کرد کە بووە هۆی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ." نیگەرانی لە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست بەرپرسە باڵاکەی یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی لە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لەچەند رۆژی رابردوودا دەربڕی. لە بەرانبەردا، ئیسحاق دار جەختی لەسەر "پێویستیی پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە رێککەوتنی ئاگربەست" کردەوە تاوەکو رێگری لە هەر جۆرە پەککەوتنێکی پڕۆسەی ئاشتیی بکرێ. پاکستان رژدە لەسەر ئەوەی کە دەبێ رێڕۆی دیپلۆماسیی بپارێزرێت تاوەکو ناوچەکە بەرەو سەقامگیریی بڕوات. جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکردووە و ئێستا گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە. پاکستان لە سەرەتای ململانێکانەوە رۆڵی نێوەندگیرێکی سەرەکیی گێڕاوە بۆ نزیککردنەوەی واشنتن و تاران.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28-06-2026رێککەوتنی ئاشتیی لوبنان و ئیسرائیل؛ حیزبوڵڵا رەتیدەکاتەوە و تەلئەڤیڤیش هێزەکانی ناکشێنێتەوە
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28-06-2026بنیامین نەتەنیاهوو: رێککەوتن لەگەڵ لوبنان دەستکەوتێکی مێژووییە و گورزێکی کەمەرشکێنە بۆ ئێران