رووداو دیجیتاڵ
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، رێککەوتنی ئاشتیی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی رەتکردەوە و بە "هەنگاوێکی شەرمەزارکەر" ناوی برد؛ هاوکات ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ لە باشووری لوبنان دەمێننەوە.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، تەنیا یەک رۆژ دوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لە واشنتن، نەعیم قاسم رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە "پووچەڵە" و بە واتای دەستبەرداربوون لە سەروەریی لوبنان" دێت. نەعیم قاسم هۆشداریشی دا کە رێککەوتنەکە رێ خۆش دەکات بۆ ئەوەی ئیسرائیل باشووری لوبنان بلکێنێت بە خاکەکەیەوە.
نەعیم قاسم جەختی کردەوە کە دەبێت "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا" جێبەجێ بکرێت کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی گشتگیر لە ناوچەکەدا، نەک رێککەوتنی جیاواز.
ئیسرائیل: لە لوبنان ناکشێینەوە
لە بەرامبەردا، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا کردووە "خۆیان بۆ مانەوەیەکی درێژخایەن" لە باشووری لوبنان ئامادە بکەن. کاتز گوتی: "تاوەکو حیزبوڵڵا لە تەواوی لوبنان چەک دانەنێت، ئیسرائیل هیچ جێگۆڕکێیەک بە هێزەکانی ناکات."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، واشنتن و بەیرووت دانیان بە مافی ئیسرائیلدا ناوە بۆ پاراستنی "ناوچەیەکی ئەمنیی" لەنێو خاکی لوبناندا بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل. نەتەنیاهوو رێککەوتنەکەی بە "گورزێکی کوشندە بۆ ئێران و حیزبوڵڵا" ناوبرد.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکایەتیی لوبنان
هاوکات جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، دەوڵەتی لوبنان بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەگرێتە ئەستۆ. عەون داوای لە ترەمپ کرد گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە ناوچە داگیرکراوەکان بکشێتەوە تاوەکو سوپای لوبنان بتوانێت لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان جێگیر ببێت.
ناڕەزایەتیی شەقام و بەردەوامیی بۆردومانەکان
دوێنێ شەو، لایەنگرانی حیزبوڵڵا لە شەقامی (حەمرا) لە بەیرووت دژی رێککەوتنەکە رژانە سەر شەقامەکان و بە "شەرمەزارکەر" ناویانبرد. لە بەرامبەردا سوپای لوبنان هۆشداری دا کە رێگە بە هیچ تێکدانێکی ئاسایشی ناوخۆیی نادات.
لە رووی مەیدانییەوە، سەرەڕای رێککەوتنەکە، سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوام کرد و رایگەیاند کە "تیرۆریستانی گومانلێکراو"یان کردووەتە ئامانج. بەپێی راپۆرتە تەندروستییەکان، لە نوێترین بۆردوماندا لە ناوچەی نەباتییە، کەسێک کوژراوە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ـی ئاداری ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، کاتێک حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی رێبەری باڵای ئێران لە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا، مووشەکبارانی ئیسرائیلی کرد. لەو کاتەوە ئیسرائیل بەشێکی زۆری باشووری لوبنانی کۆنتڕۆڵکردووە و سەدان خانوو و باڵەخانەی لەو ناوچانەدا وێران کردووە.


.jpg&w=3840&q=75)
