رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان وەک دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ ئیسرائیل وەسف دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و زەمینە خۆش دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
نەتەنیاهوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو رێککەوتنە گورزێکی گەورەیە بۆ ئێران و حیزبوڵڵا. بانگەشەی ئەوەشی کرد لایەنی ئەمریکایی و لوبنان رازی بوون لەسەر ئەوەی ئیسرائیل ناوچەیەکی ئەمنی لە ناو خاکی لوبناندا بپارێزێت، تاوەکو ئەو کاتەی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل پێویست بێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە مانەوە لەو ناوچەیە تاوەکو حیزبوڵڵا و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە چەک دەکرێن، تاوەکو ئەو کاتەی چیدیکە هیچ هەڕەشەیەک لە لوبنانەوە بۆ سەر ئیسرائیل نامێنێت. نەتەنیاهوو جەختی کردەوە کە ئێران دەیویست کشانەوەی سەربازی بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت، بەڵام ئەو بەرگریی کردووە و رەتیکردووەتەوە.
پەیامێک بۆ تاران؛ پەیوەندی بە ئێوەوە نییە
نەتەنیاهوو رایگەیاند، بەم رێککەوتنە ئیسرائیل، لوبنان و لایەنی ئەمریکایی پەیامێکی روون دەدەنە تاران و دەڵێن: ئەمە پەیوەندی بە ئێوەوە نییە. ئێوە لێرە هیچ پێگەیەک، هیچ دەستوەردانێک و هیچ دەورێکتان نییە؛ نە ئێوە، نە حیزبوڵڵا و نە هیچ گرووپێکی تیرۆریستی دیکە.
سەبارەت بە وردەکاریی مەیدانی، نەتەنیاهوو دانی بەوەدا نا کە ئیسرائیل لە دوو ناوچەی بچووک دەکشێتەوە، کە وەک پڕۆژەیەکی ئەزموونی Pilot Project بۆ داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا و رادەستکردنی ناوچەکە بە سوپای لوبنان دەبێت.
نەتەنیاهوو لەسەر نەخشەیەک نیشانی دا کە ناوچەیەکیان بە تەواوی لە دەرەوەی هێڵی ئەمنییە و ئەوی دیکەشیان لە لێواری ناوچەکەیە کە سوپا چیدیکە پێویستی پێی نییە؛ بەمەش ئیسرائیل تەواوی ئەو ناوچە ئەمنییەی پاراستووە کە بۆ بەرگریکردن لە باکووری وڵاتەکەی پێویستە.
حیزبوڵڵا: ئەمە رێککەوتنی سەرشۆڕییە
لە بەرامبەردا، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، رێککەوتنەکەی واشنتنی رەتکردەوە و بە سەرشۆڕکەرانە، شەرمەزارکەرانە و خۆبەدەستەوەدانی سەروەریی بەیرووت وەسفی کرد. نەعیم قاسم لە راگەیێندراوێکدا، بەستنەوەی کشانەوەی ئیسرائیل بە چەککردنی حیزبوڵڵای رەتکردەوە، کە خاڵێکی سەرەکیی رێککەوتنەکەیە و بە نێوەندگیریی ئەمریکا واژۆ کراوە.
ئەم پەرەسەندنانە دوای جەنگێکی خوێناوی دێن کە لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە دەستی پێکرد، کاتێک حیزبوڵڵا وەک تۆڵەی کوژرانی رێبەری پێشووی ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش بە هەڵمەتێکی فراوانی ئاسمانی و داگیرکاریی زەمینی وەڵامی دایەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 3,500 لوبنانی کوژراون و نزیکەی پێنجیەکی دانیشتووانی وڵاتەکە ئاوارە بوون.
سەرەڕای راگەیاندنی چەندین ئاگربەست، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوام بوون؛ تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 47 کەس لە لوبنان کوژران و چوار سەربازی ئیسرائیلیش لە پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستداوە. ئێستا ئەم رێککەوتنە نوێیەی واشنتن وەک دوایین هەوڵ بۆ رێگریکردن لە جەنگێکی گشتگیر دەبینرێت، هەرچەندە هەڵوێستی حیزبوڵڵا و ئێران گومانی خستووەتە سەر جێبەجێکردنی و هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە لووتکەی متمانە.


.jpg&w=3840&q=75)
