رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا دەڵێت، هێرشیان کردە سەر پێگەکانی ئێران، ئەوەش وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر هێرشی ئێران بۆ سەر تانکەرێکی بازرگانی کە بەیانیی رۆژی شەممە کردبووی.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بە فەرمانی فەرماندەی گشتی، لە 27ـی حوزەیران چەند هێرشێکی دیکەیان بۆ سەر چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدا."
دەشڵێت: "دوای هێرشەکانی دوێنێی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە وەڵامی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر کەشتیی M/V Ever Lovely، دەرفەت بە ئێران درا کە رێز لە رێککەوتنی ئاگربەست بگرێت، بەڵام ئەو وڵاتە بڕیاری دا وا نەکات کاتێک هێزەکانی درۆنێکی خۆکوژیان هەڵدا و بەیانی ئەمڕۆ کاژێر 4:30 [بەکاتی واشنتن، کە دەکاتە 11:30ـی پێش نیوەڕۆی هەمان رۆژ بە کاتی هەولێر]، لە کەشتیی M/T Kiku-یان دا. ئەو نەوتهەڵگرە کە ئاڵای پەنەمای لەسەر بوو، زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو و لە نزیک تەنگەی هورمز تێدەپەڕی."
سێنتکۆم باس لەوە دەکات، ئەمڕۆ لە وەڵامێکی راستەوخۆدا بۆ بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی ئێران دژ بە کەشتیوانیی بازرگانی، چەند هێرشێکیان ئەنجامداوە؛ "فڕۆکە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ژێرخانی چاودێریی سەربازیی ئێران، سیستمەکانی پەیوەندی، پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، کۆگاکانی درۆن و تواناکانی مینڕێژکردنیان کردە ئامانج."
سوپای ئەمریکا دڵنیایی دەدات لەوەی تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا بەردەوامە و دەڵێت، "هێزەکانی ئەمریکا بە ئاگا، کوشندە و ئامادەن."
حکومەتی ئێران رۆژی شەممە 27-06-2026 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە پێشێلکردنی رێککەوتنی راگرتنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تۆمەتبار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن هێرشی کردە سەر خاکی ئێران و تاران بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە کەنداو وەڵامی دایەوە.
ئەم پێکدادانە گەرمە دوای ئەوە هات واشنتن تارانی تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە تەنگەی هورمز، گومانی زۆری لەسەر هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێشتنەوەی کراوەیی ئەو رێڕۆ ئاوییە گرنگە دروستکرد. ئیسرائیلیش هێرشی نوێی کردووەتە سەر باشووری لوبنان و سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا رێککەوتنی ئاشتیی رەتکردەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


