رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە سەبارەت بە رووداوێک لەنێو تەنگەی هورمز، کە تێیدا کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە تەنێکی نەناسراو کراوەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوەکەی (UKMTO)، کاپتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە رایگەیاندووە، کەشتییەکەیان پێکراوە، بەهۆیەوە بەشی فەرماندەیی کەشتییەکە زیانی بەرکەوتووە.
دەزگا بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە "سەرجەم تیمی کەشتییەکە سەلامەتن و تاوەکو ئێستاش هیچ راپۆرتێک سەبارەت بە کەوتنەوەی زیانی ژینگەیی نەدراوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە دامودەزگەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە، هاوکات ئامۆژگاریی سەرجەم کەشتییەکانی ناوچەکە کراوە کە بە وریاییەوە هاتووچۆ بکەن و هەر جووڵەیەکی گوماناویشیان بینی، راستەوخۆ دەزگاکە ئاگادار بکەنەوە.
دوای هێرشەکەی ئێران، رۆژی هەینی سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر کۆگاکانی مووشەک و درۆن، هەروەها وێستگەکانی راداری کەنارەکانی ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشەکان وەڵامێک بوون بۆ "دەستدرێژییە بێپاساوەکانی هێزەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان"، کە ئەوەش "پێشێلکردنی زەقی ئاگربەستەکەیە."
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی ئەمریکای بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای" لێکتێگەیشتنەکەی کۆتاییهێنان بە شەڕ ناوبرد. سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاند کە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک، پێگەکانی ئەمریکایان لە کەنداو کردووەتە ئامانج و هۆشداریشی دا "ئەگەر دەستدرێژییەکان دووبارە ببنەوە، ئەوا وەڵامدانەوەمان بەرفراوانتر دەبێت لەمە."
رۆژی شەممە بەحرێن رایگەیاند، لەلایەن چەندین درۆنی ئێرانییەوە کراوەتە ئامانج، سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و تارانی بە "تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی" تۆمەتبار کرد.
لەلایەکی دیکەوە تاران هۆشداری داوەتە وڵاتانی کەنداو کە نەچنە پاڵ واشنتن. کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تێپەڕبوونی سەلامەت بەنێو تەنگەکەدا "ناتوانرێت گەرەنتی بکرێت لەژێر رێکخستنی ناڕوون، رێڕەوی هاوتەریب یان بڕیاردانێکدا کە رۆڵی ئێران وەک دەوڵەتێکی کەناراویی لەبەرچاو نەگرێت."
سەرەڕای ئەم هەڵکشانەی گرژییەکان، رۆژی هەینی نرخی نەوت بە رێژەی نزیکەی 3٪ دابەزی. هەروەها کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە دوای نزیکەی چوار مانگ راگرتن، دەستیکردەوە بە بارکردنی نەوتی خاو لە وێستگەی رەئس تەنوورە، کە گەورەترین بەندەری نەوتییە لە جیهاندا.



