رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکەی، عێراق و ژمارەیەک لە وڵاتانی کەنداو رۆژی دووشەممە لە عومان کۆدەبنەوە و تێیدا دۆخی ناوچەکە و پرسی رێڕەوی سەلامەت بۆ کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز تاوتوێ دەکرێ.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی 11-09-2026 رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەپێناو دروستکردنی متمانە و هاوکاری بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە، دوور لە دەستوەردانی دەرەکی گرنگە.
بە گوتەی ئیسماعیل بەقایی، لەو کۆبوونەوەیەدا لەپاڵ تاوتوێکردنی پرسە هەرێمییەکان، گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکانی ئێران و عومان سەبارەت بە دیاریکردنی رێڕەوی سەلامەت بۆ کەشتیوانیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز دەکرێ.
بەقایی گوتی، تاران پابەندە بە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، رێکارەکانی ئەمریکا، لەوانەش گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران و شەڕی ئابووری بەردەوامن، هەربۆیە ئاسایشی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز گەرەنتی نییە.
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، جووڵەی کەشتییەکان لە 28-2-2026ەوە لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە کێشەی بۆ دروستبووە و ئێران دەڵێ، دۆخەکە وەک پێش جەنگی لێنایەتەوە و سوورە لەسەر ئەوەی باج لە بەرامبەر تێپەڕبوونی کەشتییەکاندا بە تەنگەی هورمز وەربگرێ.



