رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەردەوام دەبن. هاوکات میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە ئاشکرای دەکات کە لە دانوستاندنەکانی دوێنێی سویسرا دا، تاران هیچ گفتوگۆیەکی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی نەکردووە. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "هاوکاریی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەپێی رەوتی ئێستا و هاوتەریب لەگەڵ پەسندکراوەکانی پەرلەمانی شۆرای ئیسلامی و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بەردەوام دەبێت." لەلایەکی دیکەوە، میدیای فەرمیی ئێران لەسەر زاری ئەو بەرپرسانەی زانیارییان لەسەر ناوەڕۆکی دانوستاندنەکانی دوێنێی سویسرا هەیە، بڵاوی کردووەتەوە کە تاران لە ماوەی دانوستاندنە 18 کاژێرییەکە دا، هیچ دانوستاندنێکی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئەنجام نەداوە و هیچ بەڵێنێکی نوێی نەگرتووەتە ئەستۆ. سەبارەت بە داهاتووی گفتوگۆکان، دەستپێکردنی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەستراوەتەوە بە مەرجێکەوە کە ئەویش جێبەجێکردنی بەندی 13ـی یاداشتنامەکەیە.