رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران پشتڕاستی کردەوە لە تەنگەی هورمز دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرچاوەی تەقینەوەکە ئاشکرا نەکراوە.
شەوی چوارشەممە، 09-09-2026، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە تەنگەی هورمز بیستراوە.
بەگوێرەی میدیاکە، تاوەکو ئێستا سەرچاوەی تەقینەوەکە نازانرێت و بەرپرسانی ناوچەکەش لە سنووری ئێران هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە دەنگە بەهێزەکە نەخستووەتەڕوو.
دوای ماوەیەکی کەم لە دەنگی تەقینەوەکەی تەنگەی هورمز، میدیای ئێران رایگەیاند، چەند دەنگێکی بەهێزی لە بەندەری جاسکی پارێزگای هورمزگانیش بیستراوە.
ئەمڕۆ سوپای پاسداران رایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشەکانی واشنتن بۆ سەر کەشتییەکانی، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن کردووەتە ئامانج و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی نزیک کوێت و بەحرێنیش دەکاتە ئامانج.
هەروەها سوپای ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە، رۆژی سێشەممە هێزەکانیان پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان تێکشکاندووە.
هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە وەڵامی هێرشەکانی ئێراندا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان. روبیۆ لە سەردانێکیدا بۆ کۆلۆمبیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ لێدانی کەشتییە دەریاییەکانی ئەمریکا، هەر جارێکیش ئەو کارە بکەن یان هەوڵی بۆ بدەن، کەشتیی نەوتهەڵگر لەدەستدەدەن."


