رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەبێ هیچ بنەمایەک لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران هیچ پابەندییەکی ئەتۆمی پێشێل نەکردووە.
رۆژی چوارشەممە، 09-09-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی لە بڕیارێکی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گرت دژی وڵاتەکەی و رایگەیاند: ''ناردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەبێ هیچ بنەمایەک کراوە.''
بەگوتەی ئیسماعیل بەقایی، ئێران بەرامبەر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، سەرجەم پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە و وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی گوتی: ''ئەگەر ئاژانس کەمترین دادپەروەریی هەبووایە، دەبوو پێشێلکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی سەرکۆنە بکردایە''.
پەیامەکەی ئیسماعیل بەقایی لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە بڕیارێکی دیپلۆماسیدا، بەهۆی "پابەندنەبوون''ـی ئێران بە رێنماییەکانی ئاژانس لە پرسی ئەتۆمیدا، رەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکەیان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرد، ئەمەش بە ئامانجی دروستکردنی گوشاری زیاتر لەسەر ئێران.
هاوکات نوێنەرایەتیی هەمیشەیی ئێران لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەنا راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، ''لە رابردوودا ئەم بڕیارنامانە باسیان لە چارەسەری دیپلۆماسی دەکرد، بەڵام ئەمریکا راستەوخۆ پەنای بۆ هێز بردووە و بنکە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان بۆردومان کردووە''.



