رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وردەکاریی دەرەنجامی دانوستاندنەکانی سویسرای بڵاوکردەوە کە بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر بەڕێوەچوون.
عەباس عێراقچی، لە نووسینەکەیدا ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان و قەتەری کرد و گوتی: "ئەم نێوەندگیرییە بێوچانە بووەتە هۆی پێشکەوتنی گەورە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە لوبنان."
وەزیری دەرەوەی ئێران چەند دەستکەوتێکی دیکەی دانوستاندنــەکانی بۆ ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سزاکانی سەر هەناردەی نەوت و پترۆکیمیایی هەڵپەسێردراون و گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران لادراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد کراون و "پڕۆژەی مەزنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران چووەتە قۆناخــی جێبەجێکردنەوە."
قەتەر و پاکستان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەسەر کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستاندنـەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، هەردوولا لەسەر نەخشەڕێیەک رێککەوتوون بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، سزاکانی سەر نەوتی وڵاتەکەی هەڵدەگیرێن و پارە سڕکراوەکانیشی ئازاد دەکرێن.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشەی هەردوو وڵاتی نێوەندگیردا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە "لووتکەی دەریاچەی لوسێرن" لە سویسرا، لە کەشوهەوایەکی ئەرێنی و بونیادنەردا بەڕێوەچووە و پێشکەوتنی باشی بەدەستهێناوە.
گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە:
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:
1. پێکهێنانی لیژنەی باڵا: لیژنەیەکی باڵا دروست دەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنـەکان. لەژێر دەستی ئەم لیژنەیەدا، چەند گرووپێکی کارکردن دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و چاودێریکردن و چارەسەری کێشەکان.
2. رێککەوتنی 60 رۆژە: نەخشەڕێیەک پەسەند کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
3. پاراستنی تەنگەی هورمز: هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداو و هەڵەتێگەیشتنێک بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز.
4. راگرتنی شەڕی لوبنان: بە بەشداریی حکومەتی لوبنان و ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، "شانەیەکی هێورکردنەوە (نەهێشتنی پێکدادان)" دروست دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بەتەواوی کۆتاییان دێت.
5. بەردەوامیی دانوستاندن: بۆ تەواوی ئەم هەفتەیە، دانوستاندنـە تەکنیکییەکان لە هاوینەهەواری بۆرگێنشتاک لە سویسرا لەسەر هەموو پرسەکان بەردەوام دەبن.



