رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران (ئیرنا)، یەکەم کاروانی سووتەمەنیی عێراق لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخ لە پارێزگای سلێمانییەوە بە شێوەی ترانزێت رەوانەی ئەفغانستان کرا.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 20-06-2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، یەکەم کاروانی سووتەمەنیی عێراق بە شێوەی تێکەڵاو (تانکەر بە شەمەندەفەر) لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە گەیشتووەتە ئێران و دوای تێپەڕاندنی رێکارە گومرگییەکان، رەوانەی ئەفغانستان کرا.
بەگوێرەی میدیای ئێران، سووتەمەنییەکە گازوایل بووە، بەڵام بە دیاریکراوی ئاماژەی بەوە نەکردووە کە بڕەکەی چەند بووە و سووتەمەنییەکە لە هەرێمی کوردستان یان لە عێراقەوە نێردراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئەوە یەکەم جارە شێوازی تێکەڵاو (تانکەر بە شەمەندەفەر) بۆ ترانزێتی سووتەمەنی بەکاردەهێنرێ کە ئامانج لێی، ئاسانکاریی بازرگانی و کەمکردنەوەی تێچووی ترانزێتەی کاڵایە.
د. حامی ساڵح، شارەزای گومرگ و گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە توڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو سووتەمەنییەی لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە هەناردەی ئەفغانستان دەکرێ، تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، نەوەک عێراق.
بەگوتەی د. حامی ساڵح، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بیەوێت سووتەمەنی لە رێگەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەناردەی ئەفغانستان بکات، دەروازەی سنووریی میهران بەکاردەهێنێت کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی ئیلام و واستی عێراق.
ئەو شارەزایەی گومرگ و گواستنەوەی نێودەوڵەتی گوتیشی، هەرێمی کوردستان بە یاسایی دەتوانێت پێکهاتە نەوتییەکانی خۆی بفرۆشێت و هیچ رێگرییەکی یاسایی بۆ هەناردەکردنی سووتەمەنییەکەی لەئارادا نییە.



