رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەڵێ، دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت و گاز دوای ئەوەی لە تەنگەى هورمز بەر مینی دەریایی کەوتن، گڕیان گرت.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2026 هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، "ئەمڕۆ دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت و گازی شل کە سیستمی رادار و دیاریکردنی شوێنیان کوژاندبووەوە و بە نهێنی هەوڵیان دەدا بە رێڕۆیەکی رێگەپێنەدراوی تەنگەى هورمزدا تێپەڕن، بەر مینی دەریایی کەوتن و گڕیان گرت."
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا ناو، خاوەن یان ئاڵای هەڵکراوی وڵاتی کەشتییەکە ئاشکرا نەکراوە.
سوپای پاسداران دەڵێ، یەکێک لە کەشتییەکان دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی پێبووە و کەشتیی دووەمیش هەڵگری گازی شل بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، ئەو دوو کەشتییە بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنی چاودێری دەپارێزران، بەڵام بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی تەقینەوە.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی تووندی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات، هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی ناوەندی کۆنترۆڵی دەریایی ئێران وەربگرێ، بە پێچەوانەوە دەکرێ بکرێتە ئامانج.
لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕەوەدا ئەنجام دەدات.



.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)