رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەرەڕای رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوچەکە، ئەوان لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باشووری لوبنان بەردەوام دەبن و "هەڕەشەکان" لەودیو ئەو ناوچەیەی ناویان ناوە (پشتێنەی ئەمنیی) لادەبەن.
رۆژی پێنجشەممە 18ـی حوزەیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل نەخشەی "ناوچە ئەمنییەکەی" بڵاوکردەوە کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر دەچێتە نێو خاکی لوبنانەوە. سوپا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان لەو ناوچەیەدا دەمێننەوە بۆ ئەوەی "مەترسییەکان دووربخەنەوە و بەرگری لە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل بەهێزتر بکەن."
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی دیکەدا گوتی، "سوپا بەردەوام دەبێت لە لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی لەودیو ناوچە ئەمنییەکەوە دەبنە مەترسی بۆ سەر سەربازانی سوپا و هاووڵاتییانی سڤیلیی ئیسرائیل."
ئەم بڕیارەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە ئەمریکا و ئێران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کرد، کە بڕیار بوو بەو هۆیەوە شەڕ لە هەموو بەرەکان، لەنێویاندا بەرەی لوبنان، رابگیرێت.
تەنیا چەند کاژێرێک دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، کەسێک کوژراوە. هاوکات سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێکی خۆی و برینداربوونی حەوت سەربازی دیکەی لە رووداوێکی شەوی رابردووی باشووری لوبنان راگەیاند.
بەرپرسە سەربازییەکەی ئیسرائیل داوای لە سوپای لوبنان کردووە لە هاوئاهەنگیدا بن لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل و داواشی لە هاووڵاتییانی سیڤیلیی لوبنان کردووە "نەچنە نێو ناوچە ئەمنییەکەوە."
جەنگی لوبنان و ئیسرائیل لە مانگی ئاداری رابردووەوە چڕ بووەوە، کاتێک گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی وەک تۆڵەیەک بۆ کوژرانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای جەنگی ئێراندا، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش بە هێرشی فراوان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان و دەستپێکردنی هێرشی زەوینی بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە وەڵامی دایەوە.
لە لایەکی دیکەوە، لە مانگی نیسانەوە نوێنەرانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن لە گفتوگۆی راستەوخۆدان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل.
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە گوتی، "هەنگاوەکانی داهاتوو هێشتا لە چوارچێوەی دانوستاندنە راستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و لوبناندا تاوتوێ دەکرێن" و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەفتەی داهاتوو نوێنەرانی هەردوولا کۆدەبنەوە.



