رووداو دیجیتاڵ
نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هاتە ئاراوە، "سەرکەوتنێکی گەورەیە" و وەک "خاڵێکی وەرچەرخان" بۆ لوبنان ناویبرد.
نەعیم قاسم لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لە گەلی ئێران، بەرەی بەرگری، وڵاتان و گەلانی ناوچەکە و جیهان دەکەین، کە تینووی سەربەخۆیی و ئازادین."
سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا سوپاسی ئێرانی کرد بۆ "گرێدانەوەی گۆڕەپانی لوبنان" بە رێککەوتنەکەوە و "ناچارکردنی ئیسرائیل بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکانی" بۆ سەر ئەو وڵاتە.
حیزبوڵڵای لوبنان لە 2ـی ئاداری ئەمساڵەوە بە هاویشتنی مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل بە مەبەستی پشتگیریکردن لە ئێران، لوبنانی پەلکێشی جەنگ کرد؛ ئەوەش بووە هۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل کە هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان و هێرشی زەوینیی لێکەوتەوە.
سەرەڕای ئەوەی دوای راگەیاندنی رێککەوتنەکە لە رۆژی دووشەممە، گرژییەکان لە لوبنان کەمی کردووە، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە بەردەوامن و لەو کاتەوە لانیکەم پێنج کەس کوژراون.
لەژێر گوشارەکانی ئەمریکادا، لوبنان لە مانگی نیسانەوە لە واشنتن دەستی بە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل کردبوو بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و جیاکردنەوەی ململانێی وڵاتەکەی لە جەنگە ناوچەییەکە، بەڵام راگەیاندنی رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا هاوکێشەکانی گۆڕی.
نەعیم قاسم داوای لە دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد سوود لەم "خاڵە وەرچەرخانەی دوای رێککەوتنەکە" وەربگرن بۆ "دەرکردنی ئیسرائیل" لە خاکەکەیان. هەروەها داوای لێکردن گفتوگۆ راستەوخۆکان رابگرن و گوتی، ئەو گفتوگۆیانە تەنیا "سازشکردنە".
بڕیارە هەفتەی داهاتوو خولی پێنجەمی گفتوگۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەڕێوەبچێت، بەڵام نەعیم قاسم مەرجی حیزبەکەی راگەیاند و گوتی: "مەرجی دانوستاندن لەگەڵ دوژمن تەنیا ئاسایشی دوو لایەنەیە، هەر پێشنیازێکیش لەژێر ناوی داماڵینی چەک تێپەڕ نابێت، چونکە ئەوە نەخشەیەکی ئیسرائیلییە بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەموو شتێک و وێرانکردنی وڵات."
حیزبوڵڵا هەروەها بڕیارێکی حکومەتی لوبنان بۆ داماڵینی چەکی گرووپەکە رەتدەکاتەوە، کە دوای ئاگربەستەکەی ساڵی 2024 راگەیێندرابوو.
نەعیم قاسم جەختی لەوە کردەوە کە پرسی چەک و کاروباری ناوخۆیی جێگەی باس نین لە دانوستاندنەکاندا و گوتی: "هەر شتێک پەیوەندی بە رێکخستنی دۆخی ناوخۆمانەوە هەبێت، چ پرسی چەک بێت یان ئابووری، یان ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری، دەبێت بەتەواوی لە دەرەوەی دانوستاندنەکان بێت. ئەمانە بابەتگەلێکن کە لە ناوخۆدا گفتوگۆیان لەسەر دەکەین."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

