رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی ملیار دۆلاری کردووە بۆ ئەوەی پشتبەستنی خۆی بە تەنگەى هورمز بۆ بازرگانى نەوت و هاوردەکردن بگەیێنێتە "سفر.
رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026 سانی زەیوودی، وەزیری بازرگانیی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، وڵاتەکەی بە ئاراستەی "سفر پشتبەستن بە هورمز" هەنگاو دەنێت. پلانەکە جەخت لەسەر پەرەپێدانی بەندەرەکانی رۆژهەڵاتی ئیمارات دەکاتەوە، کە دەکەونە دەرەوەی تەنگەى هورمز و لەسەر کەناراوەکانی دەریای عومانن.
فراوانکردنی بەندەرەکان و بۆریی نوێ
پلانەکەى ئیمارات چەند پڕۆژەیەکی گەورە لەخۆدەگرێت، لەوانە فراوانکردنی بەندەرەکانی دیبا، فوجەیرە و خۆرەفکان. هەروەها حکومەت بەنیازی دروستکردنی لانیکەم یەک بەندەری نوێیە لەسەر کەناراوەکانی رۆژهەڵات، لەگەڵ راکێشانی هێڵی شەمەندەفەر و رێگەی وشکانی بۆ بەستنەوەی کێڵگە نەوتییەکان بەو بەندەرانەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بە فەرمانی شێخ خالید بن محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی، کۆمپانیای "ئادنۆک" کارەکانی لە پڕۆژەی بۆریی نەوتی "رۆژئاوا-رۆژهەڵات" خێرا کردووە. ئەم بۆرییە کە ئێستا 50٪ـی کارەکانی تەواو بووە، بڕیارە تاوەکو ساڵی 2027 بکەوێتە کار و توانای هەناردەکردنی نەوتی ئیمارات لە رێگەی بەندەری فجەیرەوە بۆ 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە.
بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەی کاڵا بازرگانییەکان و ئەلەمنیۆم، ئیمارات کار لەسەر جێگیرکردنی تۆڕی شەمەندەفەری نیشتمانیی "ئیتیحاد رێڵ" دەکات. ئەم تۆڕە، درێژییەکەی 900 کیلۆمەترە و ناوەندە بازرگانییە سەرەکییەکانی وەک "جەبەل عەلی" لە دوبەی دەبەستێتەوە بە بەندەرە نوێیەکانی سەر دەریای عومان، تاوەکو لە کاتی هەر گرژییەکی سەربازیدا لە کەنداو، جووڵەی بازرگانی نەوەستێت.
ئەم وەرچەرخانە ستراتیژییەی ئیمارات دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی 107 رۆژی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، تاران تەنگەى هورمزی داخست و چەندین کەشتیی بازرگانیی پەکخست. هەرچەندە واشنتن و تاران گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ ئاگربەست و کردنەوەی تەنگەکە، بەڵام بەرپرسانی ئیمارات پێیانوای ناوچەکە پێویستی بە جێگرەوەی هەمیشەیی هەیە.
ئیمارات لەگەڵ سعودیە دەبنە تاکە دوو وڵاتی ناوچەکە خاوەنی رێڕەوی هەناردەی زەبەلاح بن لە دەرەوەی تەنگەى هورمز. پسپۆڕانی وزە مەزەندە دەکەن، تەنانەت دوای رێککەوتنی ئاشتیش، ئاساییبوونەوەى هاتووچۆى کەشتییەکان لە تەنگەکە چەندین مانگی پێویستە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

