رووداو دیجیتاڵ
بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی "تووند"ی ئیسرائیل دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی تەلئەڤیڤ بۆسەر باشووری لوبنان چوار کەس کوژران. تاران دەڵێ، ئیسرائیل بەم کارانەی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشێل دەکات.
رۆژی سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دایە ئیسرائیل و گوتی، "ئەگەر سوپای منداڵکووژی رژێمی زایۆنی کۆتایی بە کردەوە دەستدرێژکارییەکانی لە باشووری لوبنان نەهێنێت، دەبێت چاوەڕێی وەڵامێکی تووند لە لایەن هێزە چەکدارە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بکات."
ئەم هەڕەشە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە، واشنتن و تاران گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەموو بەرەکانەوە، لەنێویاندا بەرەی لوبنان.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل پابەندی رێککەوتنەکە نییە و لەو رۆژەوەی رێککەوتنەکە راگەیێندراوە لانیکەم 84 جارئاگربەستی لە لوبنان پێشێل کردووە.
ئەم پێشهاتە نوێیە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر رێککەوتنە لەرزۆکەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەگەری دەستپێکردنەوەی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی نێوان تاران و تەلئەڤیڤی هێناوەتە پێشەوە، لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی واژۆکردنی رێککەوتنەکە و کردنەوەی رێڕەوە بازرگانییەکانە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامی دانەوە. رۆژی 2ی ئادار، حیزبوڵـڵا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل و ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامی دایەوە.
هەرچەندە لە نێوەڕاستی نیسانەوە لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاگربەستیان راگەیاندووە، بەڵام حیزبوڵـڵا و تەلئەڤیڤ پێیەوە پابەند نەبوون.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، تاوەکو هەڕەشەکان لە لوبنانەوە بۆ سەر باکووری وڵاتەکەیان بەردەوام بن ئەوانیش لە بە ئامانجگرتنی ناوچەکانی باشووری لوبنان بەردەوام دەبن.




