رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووند لە شێوازی مامەڵەی بنیامین نەتەنیاهوو لە لوبنان دەگرێت و رایدەگەیێنێت، دەبێ چارەسەرکردنی کێشەی حیزبوڵڵا بۆ سووریا جێبهێڵدرێت. دەشڵێت: "بەبێ ئەمریکا، ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەدەما." رۆژی سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە میانی بەشداریی لە لووتکەی (جی حەوت) لە فەڕەنسا، چەند پەیامێکی تووندی ئاراستەی تاران و تەلئەڤیڤ کرد. ترەمپ جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای بە "بچووک" وەسفکرد لە چاو ئەو جەنگەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا روویدا. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی ئێستای سووریا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ حیزبوڵڵا هەیە و گوتی: "ناتوانی بۆ کوشتنی چەکدارێکی حیزبوڵڵا مووشەک بە باڵەخانەیەکەوە بنێیت کە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلە و سەتان کەسی دیکە بکەیتە قوربانی." ترەمپ پێشنیازی کرد کە ئیسرائیل ئەو دۆسیەیە بۆ دیمەشق جێبهێڵێت و گوتی: "پێشنیاز دەکەم ئیسرائیل چارەسەرکردنی کێشەی حیزبوڵڵا بۆ سووریا جێبهێڵێت، چونکە ئەوان دەتوانن بە باشی ئەو کارە بکەن." لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، ترەمپ ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، هەرچەندە پەیوەندیی لەگەڵ نەتەنیاهوو باشە، بەڵام "من لەگەڵ ئەم هێرشانەدا نەبووم و پێم گونجاو نەبوو." سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە نەتەنیاهوو کە بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکات، چونکە گرژییەکانی لوبنان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر رێککەوتنی واشنتن و تاران دەبێت. ترەمپ گوتیشی: "ئەگەر من نەبوومایە، ئیسرائیل ئێستا نەمابوو." دۆناڵد ترەمپ باسی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشانە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیان بۆ "15 تاوەکو 20 ساڵ" گەڕاندووەتەوە دواوە. ترەمپ جارێکی دیکە رەخنەی تووندی لە باراک ئۆباما گرت و گوتی: "ئۆباما ئیسرائیلی بە ئێران فرۆشتبوو، رێککەوتنەکەی ئەو رێگەی گەیشتنی ئەوان بوو بە چەکی ئەتۆمی، بەڵام رێککەوتنەکەی ئێمە دیوارێکە لەبەردەم ئەو چەکە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکانی ئێستای ئێران لەوانەی پێشوو "ژیرترن". ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، کە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە، ئابووریی جیهانی خستووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، بەتایبەت دوای داخستنی تەنگەی هورمز. بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە، دۆناڵد ترەمپ و محەممەد باقر قالیباف، رێککەوتنی ئاشتییان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی واژۆ کردووە. بڕیاریشە رۆژی هەینی لە شاری جنێڤ، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەردوو وڵات، رێوڕەسمی فەرمیی واژۆکردنی رێککەوتننامەکە بەڕێوەبچێت.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست15-06-2026رێککەوتنی تاران و واشنتن؛ 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان