رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لەبارەی چارەنووسی ئەو کوێتییانە کۆدەبنەوە کە لە جەنگی دووەمی کەنداو بێسەروشوێن بوون.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ماری یاماشیتا، نوێنەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە رۆژی یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026 لە بەغدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆسیەی هاووڵاتییە کوێتییە بێسەروشوێنەکانیان کرد.
بەگوێرەی راگەیێنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا عەلی فالح زەیدی رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی وەک دۆسیەیەکی مرۆیی لە دۆسیەی هاووڵاتییە کوێتییە بێسەروشوێنەکان دەڕوانێت و حکومەتەکەی پەرۆشە بۆ ئەوەی ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە.
پێشتر لە 24ی تشرینی دووەمی 2025، ئیختیار ئەسڵانۆڤ، سەرۆکی نێردەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق بە رووداوی راگەیاندبوو، هەزاران کوێتی لە جەنگی کەنداوی ساڵی 1991 لە عێراق بێسەروشوێن بوون و لیژنەکەی بە هاوبەشی عێراق و کوێت بەدوای چارەنووسیاندا دەگەڕێت.
کۆبوونەوەی دووەمی شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بوو، کە تێیدا تاوتوێی بڕیاری ژمارە 2792ی ئەنجوومەنی ئاسایش کرا کە تایبەتە بە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییانەی کوێت کە بێسەروشوێنن.
قاسم ئەعرەجی رایگەیاندووە کە حکومەتی عێراق پابەندە بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بەوەی پەیوەندیدارە بە دۆسیەی کوێتییە بێسەروشوێنەکان.
بڕیاری 2792ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 17ی ئەیلوولی 2025 دەرچووە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە بە پشتبەستن بە نوێترین تەکنەلۆژیا و بە پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەڕان بەدوای ئەو کوێتییانەدا ئەنجام بدرێت و لە 31ی کانوونی یەکەمی 2030 جارێکی دیکە بڕیار لەبارەی پێویستیی بەردەوامبوونی ئەو پرۆسەیە بدرێتەوە؛ ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە ئەو بێسەروشوێنانە نەدۆزرانەوە، عێراق پابەندە بە گەڕان بەدوایانداو دۆزینەوەیان.




