رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان چڕ کردەوە و فەرمانی چۆڵکردنی بۆ دانیشتووانی شاری نەبەتییە و 20 ناوچەی دیکە دەرکرد.
شەوی شەممە 13ی حوزەیرانی 2026 ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی باشووری وڵاتەکە، بەتایبەتی دەوروبەری شاری نەبەتییە.
لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی ئیسرائیلیشدا بۆ سەر رێگەی نێوان (کەفەر رەمان و نەبەتییە)، سەربازێکی سوپای لوبنان بە سەختی بریندار بوو.
فەرمانی چۆڵکردن و فراوانبوونی شەڕ
سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بەپەلەی داوەتە دانیشتووانی 24 ناوچە لە باشووری لوبنان و داوای لێکردوون دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بەرەو باکووری رووباری زەهرانی (نزیکەی 45 کیلۆمەتر دوور لە سنوور) بڕۆن. مانگی رابردوو ئیسرائیل تەواوی ناوچەکانی باشووری ئەو رووبارەی وەک "ناوچەی جەنگ" ناساند.
لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، چەکدارەکانیان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل، لە ناوچەی (کەفەر تەبنیت) رێگرییان لە هەوڵێکی دزەکردنی هێزە پیادەکانی ئیسرائیل کردووە و شەڕێکی سەخت لەنێوانیاندا روویداوە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 70 پێگەی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
لوبنان لەنێوان بژارەی دەوڵەت و میلیشیادا
ئەم گرژییە سەربازییانە لە کاتێکدان، واشنتن و تاران باس لە نزیکبوونەوەی رێککەوتنی ئاشتی دەکەن. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاندووە، "رەشنووسی رێککەوتنەکە لوبنانیش دەگرێتەوە." بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئیسرائیل و نە حیزبوڵڵا پابەندی هیچ کام لەو ئاگربەستانە نەبوون کە پێشتر راگەیێندرابوون.
جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە پەیامێکی توونددا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەبەردەم "تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە." عەون گوتی، "یان دەبێت گەلی لوبنان لە دەوری دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری کۆببنەوە کە چەک تەنیا لەژێر دەستی ئەودا بێت، یان بە بارمتەی لۆژیکی میلیشیاکان دەمێننەوە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی لوبنان، بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا 3756 کەس لە لوبنان کوژراون. سەرکردە سیاسییەکانی لوبنانیش تاران تۆمەتبار دەکەن بەوەی وڵاتەکەیانی کردووەتە "کارتی گوشار" لە دانوستاندنەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا.
عەلی فەییاز، پەرلەمانتاری حیزبوڵڵا رۆژی شەممە رایگەیاند، لوبنان دەبێت بە هەر رێککەوتنێکی ئەمریکا و ئێران رازی بێت کە لوبنانیش بگرێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە، "دەوڵەت دەبێت دەستبەرداری سیاسەتی خۆبەدەستەوەدان بێت لەبەردەم ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان."
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەڕێوەبچێت.



