رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆتاییهاتنی هێرشەکانی بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی و ئەمنی لە ئێران راگەیاند، کە لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا کران. ئەمەش دووەم شەوی لەسەریەک بوو کە هێزەکانی ئەمریکا هێرشی تووند بکەنە سەر ئێران.
رۆژی پێنجشەممە 11-06-2026 سێنتکۆم رایگەیاند، هێرشەکانی سەر ئێران تەواو بوون. هێرشەکان بۆ بەرگری لەخۆکردن بوون لە دژی چەندین ئامانجی ئێران و لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ بوون.
بەگوێرەی سێنتکۆم، سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر تواناکانی چاودێریی سەربازیی ئێران، سیستمەکانی پەیوەندی و پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی لە سەرانسەری ئێراندا.
سێنتکۆم رایگەیاند، هێزەکانی پیادەی دەریایی (مارێنز)، هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا مووشەکی زیرەکیان ئاراستەی ئەو ئامانجە ئێرانییانە کرد کە هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە ئاوی ناوچەکەدا.
سێنتکۆم گوتی، "ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکن بۆ دەستدرێژییە بێ پاساو و بەردەوامەکانی ئێران. هێزەکانی ئەمریکا بە هۆشیاری و ئامادەییەوە دەمێننەوە."
ئەم پێکدادانە تووندە دوای ئەوە دەستیپێکردەوە کە ئێران رۆژی دووشەممە 08-06-2026 هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچیی سوپای ئەمریکای خستە خوارەوە. ئەمە دووەم فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکی بوو کە لەم جەنگەدا تێکبشکێنرێت دوای کەوتنی فڕۆکەیەکی ئێف-15 لە مانگی نیساندا. دوو کارمەندی تیمەکە بە هاوکاریی درۆنێکی دەریایی لە کەناراوەکانی عومان لە ماوەی کەمتر لە دوو کاژێردا بە سەلامەتی رزگارکران و تەندروستییان جێگیرە.
لە وەڵامدا، رۆژی سێشەممە هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان لە دژی پێگەکانی رادار و بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە نزیک تەنگەی هورمز کرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران لە دانوستاندنەکاندا یارییان پێدەکات و بەڵێنی ا تووندتر لێیان بداتەوە.
ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرێن.
ئێران هەروەها شەوی سێشەممە بە تەقاندنی چەندین مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە و بنکەکانی ئەمریکای لە بەحرێن، کوێت و ئوردن کردە ئامانج. بەحرێن رایگەیاند، چەندین هێرشی تێکشکاندووە، ئوردن پێنج مووشەکی خستە خوارەوە و کوێت سیستمەکانی بەرگریی چالاک کرد.



