رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئەمریکا بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە بۆ دووەم شەوی لەسەریەک هێرشی مووشەکی و ئاسمانییان کردەوە سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە باشووری ئێران و دەوروبەری تەنگەی هورمز؛ ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاران لە دانوستاندنەکاندا "یارییان پێدەکات" و وەزیری جەنگیش جەختی کردەوە "ئەگەر پێویست بکات بە بۆمب دانوستاندن دەکەین."
رۆژی پێنجشەممە 11-06-2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆک ترەمپ، هێزەکانی ئەمریکا کاژێر 5:15 ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (12:15ـی شەو بە کاتی هەولێر) دەستیان بە هێرشی نوێی بەرگری لە خۆکردن دژی چەندین ئامانج لە ئێران کردووە، وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژییە بەردەوام و بێ پاساوەکانی تاران.
رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "دوێنێ زەبرێکی تووندم لێدان. ئەمڕۆش دووبارە زەبرێکی تووندیان لێدەدەینەوە. ئێمە زۆر لە رێککەوتنەوە نزیک بووین، بەڵام ئەوان بەردەوام یاری بە کات دەکەن و یارییان پێکردووین."
ترەمپ رۆژی چوارشەممە لە کۆشکى سپی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی (جەی دی ڤانس، جۆن راتکلیف، مارکۆ روبیۆ، دان کەین و ستیڤ ویتکۆف) کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان کە یەکێکیان هێرشێکی گەورە، بەڵام کورتخایەن بووە بۆ سەر ئێران بە مەبەستی ناچارکردنیان بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانیان.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە بارەگای سێنتکۆم لە فلۆریدا رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمشەو "بەهێز و روون" دەبن و ئاماژەی بە ئەگەری درێژبوونەوەی بۆ شەوی سێیەمیش کرد. هێگسەس گوتی: "ئەگەر پێویست بکات بە بۆمب دانوستاندن بکەین، دەیکەین. ئامانجی بۆردوومانەکە راگرتنی جەنگ نییە، بەڵکو سەپاندنی مەرجەکانمانە بۆ رێککەوتن."
هێگسەس ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترەمپ، ڤانس، کوشنەر، ویتکۆف و روبیۆ بۆ رێککەوتنێکی باش ئامادەن کە سوودی بۆ ئێران هەبێت، بەڵام ئەگەر تاران رەتی بکاتەوە رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە.
هێگسەس گوتی: "ئامانجی ئێستامان زۆر لەوە زیاترە کە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا هەمانبوو. ئێران خاوەنی بنکەیەکی پیشەسازیی بەرگریی بەهێز نییە و یەدەگی سەربازیی زۆر سنووردارە."
میدیای ئێران دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێزی لە پارێزگەکانی هورمزگان، فارس و بووشەهر پشتڕاستکردەوە. لە ناوچەی سیریکی هورمزگان، چوار تەقینەوەی بەهێز لە نزیک بۆڕیی گازی کەناراوی شارەکە روویاندا (کە هێڵێکی سەرەکیی گواستنەوەی گازە).
هەروەها لە نزیک شاری میناب دەنگی تەقینەوە بیسترا و لە دوورگەکانی قیشم و هەنگام بە درۆنی بچووک هێرش کراوەتە سەر چەندین شوێن، دەنگی تەقینەوە لە کەناراوەکانی بەندەر عەباس و دوورگەی کیشیش بیسترا.
له عەسەلوویەی پارێزگای بووشەهر، کە گەورەترین کێڵگەی گازیی تێدایە، بەرگریی ئاسمانی چالاک کرا و مووشەکێکی کروز خرایە خوارەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت پشتڕاست نەکراوەتەوە. هەروەها لە پارێزگەی فارس لە دەرەوەی شاری مۆهر و لە رۆژئاوای تاران بەرگریی ئاسمانی چالاک کرا.
بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، تەنگەی هورمزیان بۆ هەموو کەشتییەک داخستووە و هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین بدات، دەکرێتە ئامانج.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڕەشەکانی ترەمپی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ رێککەوتنێکی بەردەوام بە زەبری هێز و هەڕەشە بەدەست نایەت.
لە هەمان کاتدا، ئاژانسی تەسنیم لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێرانییەوە رایگەیاند، "ئێمە دوێنێ شەو بۆ ئەمریکییەکانمان سەلماند کە هەر سەرکێشییەکی نوێ رووبەڕووی وەڵامدانەوەی دەستبەجێ دەبێتەوە. هێزەکانمان لە ئامادەیی تەواودان و ئەگەر ئەمریکییەکان هەر هەنگاوێک بنێن، لێیان دەدەین. ئێمە لە سەپاندنی هاوکێشەی نوێ بەسەر ئەمریکادا دوودڵ نابین." سەرەڕای گرژییەکان، نێوەندگیرانی قەتەر رۆژی چوارشەممە گەیشتنە تاران بۆ کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان لایەنەکان.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بەرزکردەوە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێراندا. لە لوبنان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی 12 کەس لە باشووری وڵاتەکە لە رۆژی چوارشەممەدا. جەنگی لوبنان لە 2ـی ئادارەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3,600 کەس تێیدا کوژراون.
ئەم تەقینەوە نوێیانە لە کاتێکدان کە ئێران پێشتر رایگەیاندبوو بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن و بەحرێن.
بەحرێن رایگەیاند، چەندین هێرشی ئاسمانیی ئێرانی تێکشکاندووە، ئوردنیش پێنج مووشەکی خستە خوارەوە و کوێت سیستمەکانی بەرگریی چالاک کرد. تاران هاوکات هۆشداریی دایە دراوسێکانی لە رێگدان بە بەکارهێنانی خاکیان لەلایەن ئەمریکاوە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی ئێرانیان لە دەریای عوماندا پەکخست کە گەمارۆی دەریایی پێشێل کردبوو. ترەمپ گوتی، هێزەکانی بە شێوەیەکی نهێنی یارمەتیی تێپەڕبوونی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتیان داوە بەنێو تەنگەکەدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداریی دایە هاووڵاتییانی کە لە عێراق دەژین کە لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدا بن، چونکە بەهۆی پێشهاتە خێراکانەوە ئەگەری داخستنی لەناکاوی هێڵە ئاسمانییەکان هەیە.
ئەم گرژییە نوێیە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 93 دۆلار بەرزبووەوە. لە کاتێکدا جیهان ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی جامی جیهانی. ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریی دا لە گەڕانەوە بۆ "جەنگێکی بەرفراوان" و چینیش داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێی دۆخەکەی کرد.
