رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران بڵاوی کردەوە لە پارێزگای فارس و نزیک دوورگەی کیش دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پارێزگاکە کارا کراوە.
کاژێر 23:57 خولەکی شەوی چوارشەممە، 10-06-2026، میدیای ئێران پشتڕاستی کردەوە لە شاری موهری سەر بە پارێزگای فارسی وڵاتەکە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە.
بە گوێرەی میدیای ئێران، دەنگە بەهێزەکە لە ئەنجامی کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی شارەکە بووە.
تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ زانیارییەک لەسەر سەرچاوەی تەقینەوەکە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام میدیای ئێران رەتی دەکاتەوە هێرش کرابێتە سەر هیچ ناوچەیەکی سەربازی یان سڤیل.
هەر بەگوێرەی میدیای ئێران، لە دەوروبەری دوورگەی کیشی سەر بە پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێرانیش دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
بیستنی دەنگی تەقینەوە لە فارس لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵ بەبێ دیاریکردنی هیچ شوێنێک بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆش هێرشێکی دیکە دەکەن سەر ئێران.
هەروەها بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەش هێزی ئاسمانیی ئەمریکا چەند ئامانجێکی لە ئێران بۆردوومان کرد و سوپای پاسدارانیش ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن کرد.
